تورکیا: 46 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە رزگارکران

12-02-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی بۆدروومی سەر بە پارێزگای موغڵا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا، 46 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە رزگارکران.
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی کە لە فەرماندەیی ھێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، دوای گەیشتنی زانیاریی لەسەر بوونی کۆچبەری نایاسایی لەسەر دوو بەلەمی چووپ و لەچەند کاتێکی جیاوازدا لە نزیک کەناراوەکانی شارۆچکەی بۆدرووم لە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە دەریای ئیجە، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان ئاراستەی ئەو ناوچانە کران.
 
تیمەکان توانیویانە 46 کۆچبەری نایاسایی کە لەسەر دوو بەلەمدا بوون و لەلایەن ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنانەوە ناچارکرابوون رووبکەنە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا و بزوێنەری یەکێک لە بەلەمەکان تێکچووبوو، رابکێشنە سەر وشکایی و رزگاریان بکەن.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوبوونی رێکارەکان و پشکنینی تەندروستیی بۆیان، کۆچبەرە نایاساییەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگاکە کران.
 
رۆژی 8ـی شوباتی 2022، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، یۆنانی تۆمەتبار کرد لە رووداوی رەقبوونەوەی 19 کۆچبەری نایاسایی لە سنووری پارێزگای ئەدیرنە کە تەرمەکانیان رۆژی 4ـی شوبات دۆزرانەوە. چاوشئۆغڵو گوتی، ''یۆنان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ، بەردەوامی دەدات بە سیاسەتی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی کۆچبەران."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە