رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی داواکاریی دەم پارتی بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان رایگەیاند، لە هەڵسەنگاندندایە و لە کاتی گونجاودا وەڵامدەدرێتەوە.
لە وەڵامی پرسیاری داواکاریی دەم پارتی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا گوتی: "داواکارییەکەی دەم پارتی رۆژی 26-11-2024 گەیشتە دەستمان. بەردەوامین لە هەڵسەنگاندن و لە کاتی گونجاودا وەڵام دەدرێتەوە".
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین پەیوەندیی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپاتدەکەینەوە".
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان رۆژ داواکاریی بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێش بە وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
چی روویدا بوو؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 1-10-2024 کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا بوو، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد.
هەروەها رۆژی 22-10-2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی فراکسیۆنی پارتەکە پێداگری لە قسەکانی خۆی کرد.
باخچەلی کە هاوپەیمانیی ئاکپارتییە، لەلایەکەوە پێداگرە لەسەر پەیامەکانی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەلایەکی دیکەوە دەڵێت، کۆتاییهاتنی پەکەکە نزیکە و دەم پارتی و جەهەپە تۆمەتبار دەکات بەوەی بە فەرمانی قەندیل دەجووڵێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ