سەرۆکی جەهەپە: قەییووم ژێرپێخستنی ویستی گەلە

30-11-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەرکۆنەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی میکس لە پارێزگای وان دەکات و دەڵێت، ژێرپێخستنی ویستی گەلە. 
 
شەوی رابردوو بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئایڤاز هازیر، هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی میکس بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لەکار لادرا و قایمقامی شارۆچکەکە بەوەکالەت کرایە سەرۆکی شارەوانی. 
 
بەیانی ئەمڕۆ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی دانانی قەییوومی بۆ شارەوانییەکە کرد. 
 
لە پەیامەکەیدا هاتووە، "دانانی قەییووم بۆ سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە ژێرپێخستنی ویستی گەلە. وەک چۆن دوێنێ لەپاڵ ئەسەنیورت، دێرسم، مێردین بووین، ئەمڕۆش لەپاڵ میکسداین و پشتیوانییان لێدەکەین." 
 
شارەوانیی شارۆچکەی میکس لە لایەن دەم پارتییەوە بەڕێوەدەبرا. ئایڤاز هازیر، بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانیی ئەو شارۆچکەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024دا بەڕێوەچوو بە رێژەی 21.22٪ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "داواکاری گشتیی تورکیا بە تۆمەتنامەی ژمارە 196/2022 داوای 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی ئایڤاز هازیری کردبوو، ئەوەش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە؛ دادگەی تاوانە قورسەکانیش بە ژمارە 130/2023 داواکارییەکەی پەسند کردووە". 
 
وەک وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنی هازیز دانەخراوە، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی بەپێی مادەکانی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا؛ هەروەها بڕیاردرا بە دانانی هاروون ئارسڵانئارگون، قایمقامی شارۆچکەکە وەک سەرۆک شارەوانی بەوەکالەت، ئەوەش بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی شارەوانییەکان". 
 
رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2024 قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا و تێیدا ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
 
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی لە رووهای باکووری کوردستان دانرا.
 
رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2024 قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری دێرسم دانرا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان داوا دەکات خەرجیی زۆر بە زاوا نەکرێت

لە پرۆگرامی 'ساڵی خێزان'دا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، قەرزی خێزان و منداڵبوون کە لە ناوچەی بوومەلەرزە دەدرا، لەمەودوا لە هەر 81 پارێزگادا جێبەجێ دەکرێت.