گوتەبێژی ئاکپارتی: تورکیا دەستی لە رووداوەکانی سووریادا نییە

04-12-2024
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی دەستی لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریادا نییە. هەروەها دەڵێت، ''نامانەوێت لە منبج و تەلڕەفعەت هیچ چالاکییەکی تیرۆریستی ببینین.'' 
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئەمڕۆ (چوارشەممە، 04-12-2024) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، تێیدا وەڵامی لێدوانەکانی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەی دایەوە کە گوتبووی ''نابێت لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکە و بەهێزکردنی دەسەڵات و بەرقەرارکردنی ئاسایشی ئیسرائیل، ببێتە کاری لەپێشینەی ئەنقەرە.'' 
 
چەلیک گوتی "ئامانجی تورکیا بەهێزکردن یان لاوازکردنی ئێران، سووریا و رووسیا نییە. ئێمە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە رەواکان و پێداویستیی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا لەوێین.''
 
گوتەبێژی ئاکپارتی پاساوی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان هێنایەوە و گوتی ''هەر لەگەڵ لاوازبوونی دەوڵەتی سووریا، دوای ئەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان زۆر لە سنوورەکانمان نزیکبوونەوە، لە ئەنجامی ئەو نزیکبوونەوەیەدا، بە مەبەستی پاراستنی قووڵایێکی دیاریکراو، ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی فوورات و چڵەزەیتون و ئۆپەراسیۆنی دیکەمان کرد.'' 
 
گوتەبێژی ئاکپارتی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە دەگوترێت تورکیا دەستی لە رووداوەکانی سووریادا هەیە و گوتی ''ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوە نییە کە لە سووریا شەڕ و پێکدادان تەشەنە بسەنێت. ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سووریادا نییە.'' 
 
تورکیا، سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بەبیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی، چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
 
ئابی 2016، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ـی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و ئەعزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکرد. تورکیا باسی لەوەکرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە.
 
هەروەها رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2018، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی ''چڵە زەیتوون'' لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگریان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن، دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
 
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک دا بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان داوا دەکات خەرجیی زۆر بە زاوا نەکرێت

لە پرۆگرامی 'ساڵی خێزان'دا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، قەرزی خێزان و منداڵبوون کە لە ناوچەی بوومەلەرزە دەدرا، لەمەودوا لە هەر 81 پارێزگادا جێبەجێ دەکرێت.