رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ناوی کورتکراوەی لە 'هەدەپ'ـەوە بۆ 'دەم' پارتی گۆڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتەکە رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، ناوی کورتکراوەی پارتەکە لە 'هەدەپ'ـەوە بۆ 'دەم' پارتی DEM گۆڕدرا.
ئایشەگول دۆغان راشیگەیاند، دوای ئەوەی دادگەی باڵای تورکیا بە نووسراوێکی فەرمی داوای لێکردن ناوی کورتکراوەی پارتەکەیان کە هەدەپە بگۆڕن، رۆژی 3ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە کۆبووەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی کورتکراوەی نوێ درا.
ئایشەگول دۆغان گوتی، لەمەودوا ناوی کورتکراوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەبێتە 'دەم' پارتی.
دادگەی باڵای تورکیا رۆژی 23ـی تشرینی دووەمی 2023 لە نووسراوێکدا کە بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپی نارد، رایگەیاند ناوی HEDEP بە هۆی لێکچوونی لەگەڵ 'HADEP' ناتوانرێت بەکاربهێنرێت و داوای کرد بگۆڕدرێت.
دادگەی باڵا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کێشەیەک لە ناوی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلاندا نییە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کورتکراوەی HEDEP هاوشێوەی هادەپە کە پێشتر داخراوە. لەو نامەیەدا کە بۆ حیزبەکەی نارد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لێکچوونە دژی یاسای حیزبە سیاسییەکانە، بۆیە پێویستە کورتکراوەی HEDEP بگۆڕدرێت.
هەرچەندە، سەرەتا هەدەپ دژی بڕیارەکەی دادگەی باڵای تورکیا وەستایەوە، بەڵام دواتر رەزامەندی دەربڕی.
پارتی دیموکراسیی گەل - هادەپ HADEP پارتێکی سیاسیی باکووری کوردستان بوو کە لە 11ـی ئایاری 1994 دامەزرا؛ لە 13ی ئاداری 2003 لەلایەن دادگەی دەستووریی تورکیا داخرا و 46 ئەندامی هادەپ لە نێویاندا موراد بۆزلاک، سەرۆکەکەی و 45 ئەندامی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە سیاسەت قەدەخە کران.
پارتی سەوزی چەپ لە 25ی تشرینی 2012 بەناوی پارتی سەوزەکان و ئاییندەی چەپ دامەزرا و رۆژی 2ی نیسانی 2016 لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسی تورکیا یەکیانگرت و ناویان بۆ پارتی 'چەپی سەوز' گۆڕی.
رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، پارتی چەپی سەوزی تورکیا – یەسەپە، لە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆیدا ناوی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسی - هەدەپ گۆڕی و رۆژی 20ـی تشرینی یەکەم، ناوی فراکسیۆنەکەشی بۆ فراکسیۆنی هەدەپ گۆڕی و بەمەش بووە نوێترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا. ئەو فراکسیۆنە لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاری تورکیادا 4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگی بەدەستهێنا و خاوەن 57 کورسی پەرلەمانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ