رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا شەش کەس بە تۆمەتی لابردنی ستوونی باڵەخانە دەستبەسەرکران و بە بڕیاری دادوەریش چوار کەسیان خرانە زیندانەوە.
بە بڕیاری وەزارەتی دادی تورکیا، لێکۆڵینەوە لەو باڵەخانانە دەستیپێکردووە کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ـی مەرەش رووخان. کاژێر 11.00ـی شەوی رابردوو شەش کەس بە تۆمەتی لابردنی ستوونی باڵەخانەیەک لە عوسمانییە لەلایەن تیمەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەرکران.
بەگوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتیی عوسمانییە، ئەو کەسانە بە مەبەستی فراوانکردنی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل، ستوونی نهۆمی ژێرەوەی باڵەخانەکەیان لابردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 170 پارێزەر واژۆیان کۆکردەوە و سکاڵای یاساییان دژی ئەو کەسانە تۆمارکرد کە ستوونی باڵەخانەکانیان لابردووە.
دوێنێ هەینی، 10-2-2023، بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە نووسینگەی ئامەدی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان باسی لەم باباتە کرد و رایگەیاند، تیمی دادوەرانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی تورکیا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو باڵەخانانەی رووخاون و زانینی کەمتەرخەمییەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا.
بۆزداغ گوتی: "هەموو هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و دەستنیشانکردنی بەرپرسیاران لە بەڵێندەران، بازرگانان، وەبەرهێنەران، کۆمپانیاکان و کارگەکان دەدرێت. رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە رووخانی باڵەخانەکان. ئەو کەسانە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگەوە دەدرێن، دەستبەسەر دەکرێن و ئەگەر نەتوانرا بدۆزرێنەوە، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت و گەشتکردنیان لێ قەدەخە دەکرێت".
رۆژی دووشەممە، 06-02-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر لە ژمارەیەک شاری باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریای دا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئافاد، تاوەکو کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 11ـی شوباتی 2023، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 20 هەزار و 665 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە 80 هەزار و 88 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ