رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەڵێت، پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو 20ـی شوباتی 2023 بەردەوام دەبێت.
رۆژی 7ـی شوبات، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پشووی فەرمی لە تەواوی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان تا 12ـی شوبات راگەیاند، بەڵام ئەمڕۆ هەینی، 10ـی شوبات لە نوێترین راگەیێندراویدا پشووە فەرمییەکەی تا رۆژی 20ـی شوبات درێژکردەوە.
دوای راگەیێندراوی یەکەم، خوێندکارانی زانکۆ لە رێگەی راگرەکانیانەوە داوای درێژکردنەوەی پشووەکەیان کرد، بەهۆی ئەوەی سەرقاڵی کاری خۆبەخشین بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی هەر 10 پارێزگاکەی باکووری کوردستان و تورکیا و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.
لەسەر بنچینەی ئەو داواکارییە، پشووی فەرمیی قوتابخانە و زانکۆکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ رۆژی 20ـی شوبات درێژکرایەوە.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 875 کەس گیانیان لەدەستداوە و 79 هەزار و 717 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ