سلێمان سۆیلو: 75٪ـی هۆشبەرەکان لە وان، جۆلەمێرگ و ئاگری دەستیان بەسەردا دەگیرێت

09-12-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، سێ لەسەر چوار واتە 75٪ـی ئەو ماددە هۆشبەرانەی هێنراونەتە نێو تورکیاوە، لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، وان و ئاگری لە باکووری کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رێگەکانی ماددە هۆشبەرەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، رێگەی باڵقان کە یەکێکە لەو رێگەیانەی هێرۆینی بۆ تورکیا پێیدا تێپەڕدەبوو، ئاراستەی خۆی بۆ دەریای نێوەڕاست گۆڕیوە. 
 
سلێمان سۆیلو ئاماژەی بەوەدا، "لەکاتێکدا یەک لەسەر چواری ماددە هۆشبەرەکان لە رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئێستا سێ لەسەر چواریان تەنیا لە پارێزگاکانی وان و جۆلەمێرگ و ئاگری دەستیان بەسەردا دەگیرێت. واتا کاتێک دەگەنە نێو خاکی تورکیا دەستبەجێ دەستیان بەسەردا دەگیرێت."
 
ئەو گوتانەی سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدایە، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادیکردووە.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا کە رۆژی 31ی تشرینی یەکەمی 2022 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، گوتبووی: "حکومەت کورتهێنانی بودجە بە پارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەرەکان پڕ دەکاتەوە."
 
کڵچدارئۆغڵو لە گوتەکانیدا دامەزراوەکانی پۆلیس و جەندرمەی تورکیای کردبووە ئامانج و گوتبووی، "بۆ داخستنی کورتهێنانی بودجە، چاوپۆشی لە بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن".
 
لە بەرامبەردا بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاند، "ئەمڕۆ نزیکەی 330 هەزار سزادراو لە زیندانەکاندا هەن، یەک لەسەر سێی ئەوانە بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان سزادراون یان راگیراون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە