ئیبراهیم تاتڵیسەس بۆ شەشەم جار لە خۆ بەربژێرکردن بۆ پەرلەمانی تورکیا شکستی هێنا

09-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەندی بەناوبانگی تورکیا بەڕەچەڵەک کورد، ئیبراهیم تاتڵیسەس خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ پەرلەمانتاری بەربژێر کردبوو، بەڵام ناوی نەگەڕایەوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی نیسانی 2023، دوا وادەی پێشکێشکردنی لیستی پەرلەمانتاریی پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بوو بۆ هەڵبژاردنی 28مین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتە. ئاکپارتی لیستی کۆتایی پەسندکراوی ناوی بەربژێرەکانی پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد. 
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس کە رۆژی 18ی ئاداری 2023، بەربژێربوونی خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووها-ی باکووری کوردستان بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاشکراکرد، کەچی ئەمڕۆ ناوی لە لیستی بەربژێرەکانی ئاکپارتی نەگەڕایەوە. لیستەکە لەلایەن مەکتەبی رێکخستنەکان و هەڵبژاردنەکانی ئاکپارتی یەکلایی دەکرێتەوە.   
 
ئەو هونەرمەندە تەمەن 71 ساڵە راشیگەیاندبوو کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای زۆر خۆش دەوێت و دەخوازێت لە ریزەکانی ئاکپارتیدا پاڵپشتی لە ئەردۆغان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش خۆی لە بازنەی رووها لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری ئەمساڵ وەک بەربژێر تۆمارکردووە. بەڵام ئەمجارەش رێگەی پێنەدرا خۆی بەربژێر بکاتەوە. 
 
هەرچەندە تائێستا خۆی هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئیبراهیم تاتڵیسەس لەماوەی 32 ساڵی رابردوودا شەش جاری چانسی خۆی تاقیکردەوە، بەڵام لە هیچکامیان سەرنەکەوت.  
 
یەکەم: لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1991 لەسەر بازنەی رووها وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێرکرد، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا. 
 
دووەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2007دا لەسەر لیستی گەنج پارتی لەسەر بازنەی ئیستەنبووڵ خۆی بەربژێرکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی گەنج پارتی بەربەستی 10٪ تێنەپەڕاند، ئەویش سەرنەکەوت. 
 
سێیەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2011دا خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی بەربژێرکرد، بەڵام دوای ناکۆکیی بەربژێری خۆی لە ئاکپارتی کشاندەوە و وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ خۆی بەربژێرکردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری کشانەوەی دا. 
 
چوارەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2015دا لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووها خۆی بەربژێرکرد، بەڵام هەڵنەبژێردرا. 
 
پێنجەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی ئیزمیر خۆی بەربژێرکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ریزبەندی حەوتەمی بەربژێرەکانی شاردا بوو، بڕیاری کشانەوەیدا، ئەردۆغان رێگریکرد لە کشانەوەی، دیسان هەڵنەبژێردرایەوە. 
 
شەشەم: لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری 2023 خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووها بەربژێرکرد، بەڵام مەکتەبی رێکخستنەکان و هەڵبژاردنەکانی ئاکپارتی، بەربژێربوونیان پەسند نەکرد و ناوی لە لیستی ئاکپارتی نەبوو کە پێشکێشی دەستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرا بوو.  
لە دوایین سەردانی ئەردۆغان لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 بۆ رووها بەمەبەستی کردنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاریدا، تاتڵیسەس لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو و گۆرانی چڕی. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە. 
 
هەر لەو هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر هەن. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە