رووداو - هەولێر
دوای 31 کاژێر لە سووتانی دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی گوڵنار لە پارێزگای مێرسینی تورکیا، ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-9-2022 بڵاویکردەوە، ئەو ئاگرەی لە بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 7ی ئەیلوولی 2022ـەوە لە دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی گوڵنار کەوتبووەوە، دوای هەوڵێکی زۆری کارمەندانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی مێرسین، ئادانا، ئەنتاڵیا، کارامان و کۆنیا و بەهاوکاریی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە و وەزارەتی بەرگری، له رێگەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و ئامێرە جیاوازەکانەوە کوژێندرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا دەڵێت، لە ماوەی ئەم 31 کاژێرەدا هەزار و 513 هێکتار زەویی دارستانەکان سووتا.
عەلی هەمزە پەهلیڤان، پارێزگاری مێرسین لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئاگری دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی گوڵنار کوژایەوە؛ 25 هاووڵاتی و کارمەندی ئاگرکوژێنەوە برینداربوون. دۆخی تەندروستیی سێ کەس ناجێگیرە و سەرجەم بریندارەکانیش چارەسەری پزیشکی وەردەگرن".
18 فڕۆکە، 36 هێلیکۆپتەر، 295 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و هەزار و 295 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی گوڵنار بەشداربوون؛ هەروەها 490 هاووڵاتی گوێزرانەوە شوێنێکی سەلامەت.
لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 188 ئاگر لەدارستانەکانی 23 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتووەتەوە و بەوهۆیەوە 10 هەزار و 155 هێکتار زەویی دارستانەکان سووتاوە و 131 کەس برینداربوون.
ساڵی رابردوو ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە و لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار زەویی دارستان سووتا؛ هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ