دەستبەکاربوونی راوێژکارێکی پێشووی مێرکل لەگەڵ جەهەپە نیگەرانی لای بەرپرسانی ئاکپارتی دروست دەکات

06-12-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی ئەمریکی بەناوی جێرێمی ریفکن کە بە دەستەڕاستی ئەنگێلا مێرکل دەناسرا و راوێژکاری باڵای چەند سەرکردەیەکی ئەوروپا بووە، ئێستا لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە دەستبەکار بووە و ئەوەش بەرپرسانی ئاکپارتی نیگەران کردووە.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رۆژی، 3-12-2022، لە کۆنفرانسی [بەیامی دووەمین سەدە] رایگەیاند، لەگەڵ چوونە دەسەڵات لە ماوەی شەش مانگدا چارەسەری خێرای دۆخی تورکیا دەکات و راشیگەیاند، لەو سەردانەی بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەنجامیدا، لەگەڵ چەندین بانک و دامەزراوە کۆبووەتەوە کە سوودخۆر و بازرگانی نایاسایی نین و دەتوانن هاوکاریی باشی تورکیا بکەن. 
 
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە، 6-12-2022 لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای کڕشەهیر بە توانجەوە رەخنەی لە جەهەپە گرت و گوتی: "ئەوان تورکیا وا لێ دەکەن کە چاوی لەدەستی کەسێک بە ناوی ریفکن بێت! باشە ئەو کلچدارئۆغڵوە کار بۆ کێ دەکات؟ ئەمریکا کاتێک عێراقی داگیرکرد، وەبیرخۆتان بهێننەوە گوتی دیموکراسی دەبەنە ئەو وڵاتە. کاتێک چووە ئەفغانستان گوتی ئاشتی دەبەنە ئەو وڵاتە. لە عێراق هێشتا ناسەقامگیریی سیاسی هەیە".
 
کلچدارئۆغڵو هەر رۆژی، 3-12-2022، رایگەیاند، رکابەرییەک لەنێوان تورکیای کۆن و تورکیا نوێ هەیە. سەرۆکی جەهەپە شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆنی بە تورکیای نوێ و ئاکپارتیشی بە تورکیای کۆن و شکستخواردوو ناوبرد.
 
کلچدارئۆغڵو لە گوتارەکەیدا باسی لە توانای مرۆیی جەهەپە کرد و ئاماژەی بە چەند ناوێک دا کە یەکێکیان جێرێمی ریفکن بوو و گوتی: "ئەو وەرچەرخان و پێشکەوتنە پیشەسازییەی ریفکن لە ئەڵمانیا و چین ئەنجامیداون، ئێمەش لە تورکیا ئەنجامی دەدەین".
 
هەر لە کۆنفرانسی "بەیامی دووەمین سەدە"دا جێرێمی ریفکن لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداریکرد و لە بەشێکی گوتەکانیدا گوتی: "تەنیا ئەگەر ئێمە بەیەکەوە کاربکەین، ئەوکات سەردەکەوین. ئەنگێلا مێرکل لەو کاتەی بووە راوێژکاری ئەڵمانیا، پرسیاری ئەوەی لێکردم لە چەند هەفتەیەکدا چۆن دەتوانین گەشە بە ئابووریی ئەڵمانیا بدەین؟ لەکاتێکدا هێشتا بەشێک لە کارگە و دامەزراوەکان ئالوودە بە شۆڕشی دووەمی پیشەسازی کاردەکەن، ئەمە چۆن دەکرێت؟ بێگومان من باسی ساڵانێکی زوو دەکەم. جا گوتم لێرەدا ئێمە رووبەڕووی شۆڕشی هێزی کار، بازاڕ و دارایی دەبینەوە. ئەو ژێرخانەش کە ئێستا ئەڵمانیا هەیەتی، مۆدێرن نییە. ئەوەبوو دواتر باسی شۆڕشی سێیەمی پیشەسازیم بۆ مێرکل کرد".
 
دەستبەکاربوونی ئەو راوێژکارە ئەمریکییە لەگەڵ جەهەپە رەخنەی بەرپرسانی ئاکپارتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوە لەکاتێکدایە ئەو هەنگاوەی جەهەپە لەڕووی یاساییەوە هیچ کێشەیەکی نییە.
 
تاوەکو ئێستا جەهەپە مووچەی ئەو راوێژکارە ئەمریکییەی ئاشکرانەکردووە، بەڵام بەپێی میدیای ئەو وڵاتە، ریفکن بۆ پێشکێشکردنی چەند پریزنتەیشنێک بڕی 20 هەزار دۆلاری وەرگرتووە.
 
جێرێمی ریفکن کێیە؟
 
رۆژی 26-1-1945 لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا لەدایکبووە. دایکی کە ناوی ڤیڤيتتە راڤێل ریفکنە کچێکی بە رەچەڵەک جووی خەڵکی رووسیا و نیشتەجێی تەکساس بووە؛ هەروەها میڵتۆن ریفکن باوکی بووە و خاوەنی کارگەی دروستکردنی نایلۆن بووە. ساڵی 1967 کۆلیژی ئەرتۆنی بۆ کارگێڕیی گشتی تەواوکرد و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە. ریفکن ئابووریناس، نووسەر، راوێژکاری سیاسییە. 22 کتێبی نووسیوە کە ژمارەیەکی زۆریان لەسەر بابەتی ئابووری و کارگێڕین.
 
جێرێمی ریفکن ساڵی 1994 لە زانکۆ دەستی بە گوتنەوەی وانەی "کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە ئاستی باڵا" کردووە؛ هەروەها لەساڵانی 2000 بەدواوە راوێژکاریی کردووە و لە یەکێتیی ئەوروپا، چین، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیسپانیا لە ئاستی باڵادا وەکو راوێژکار کاری کردووە. راوێژکاری بۆ هەریەک لە نیکۆلاس سارکۆزی لەوکاتەی سەرۆککۆماری فەرەنسا بوو، ئەنگێلا مێرکل لەوکاتەی راوێژکاری ئەڵمانیا بوو، جۆزێ ساکرەتیس لەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی پورتوگال بوو، جانێس جانسا لەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیا بوو، کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە