سەرۆکی جەهەپە وەزیری ناوخۆی تورکیای بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تۆمەتبار کرد

06-12-2022
هەوار ئیسماعیل
 بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا
بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی رەشنووسی بودجەی 2023 بەردەوامن. لە یەکەمین رۆژی دانیشتنەکاندا کە دووشەممە دەستیپێکرد، گفتوگۆکان لە کەشێكی ئاڵۆز و پڕ دەمەقاڵیدا بەڕێوەچوون. 
 
بڵاوبوونەوەی وێنەی فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆمار و وەیسەل فیلیز کە بە 100 کیلۆ مادەی هێرۆین گیرابوو، مشتومڕێکی زۆری دروستکرد.
 
فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "من بەهیچ شێوەیەک نایناسم. بەهیچ شێوەیەک و لەسەر هیچ بابەتێک پەیوەندیم لەگەڵدا دانەناوە. لەبارەی هیچ تاوانێک کردبێتی یان تێوەگلابێت یان لەبارەی دەستگیرکردنییەوە، من هەرگیز پەیوەندیم بە هیچ دەسەڵاتێک، پۆستێک یان کەسێک یان دادگایەکەوە نەکردووە." 
 
ئەنگین ئۆزکۆچ، پەرلەمانتاری جەهەپە باسی لەوە کرد، "گوتتان من لەگەڵ ئەو وەیسەل فیلیزەدا لە شوێنیکی گشتیدا وێنەم گرتووە، ئەم وێنەیە لە نووسینگەکەی خۆت گیراوە. بڕوانە ئەمە ئەو وێنەیەیە کە لە نووسینگەکەت گرتووتانە، هاوشێوەی ئەوە چوار پێنج وێنەی دیکەتان هەیە. ئێوە هەر کەمێک پێش ئێستا درۆتان کرد." 
 
کاتێک نوعمان کورتوڵموش، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی قسەی کرد، بەشێک لە پەرلەمانتاران ناڕەزاییان دەربڕی و ناوی ناجی شەریفی زیندەشتی گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەری ئێرانی و رەزا زەڕاب هێندرا کە بەتۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و شکاندنی گەمارۆکانی سەر ئێران لە ئەمریکا دادگایی دەکرێت. 
 
سەرۆکی جەهەپە وەزیری ناوخۆی تورکیای بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تۆمەتبار کرد و گوتی، لەو رێگەیەوە کورتهێنانی بودجە چارەسەر دەکەن. 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، "کۆشک و هاوبەشەکانی، کاتێک وڵاتیان نغرۆ کرد، کورتهێنانی بودجە تەقییەوە، دوای کۆکردنەوەی پارە کەوت، گوتیان لە کوێ دەستمان دەکەوێت؟ کاتێك کەس بە رێکوپێکی سەرمایەگوزاری نەکرد، مۆڵەتیاندا بە کارێکی زۆر تاریک، حەوت جار یاسایان هەموارکرد، بەکورتی گوتیان پارە بهێنە، هەرگیز لێت ناپرسم لە کوێ دەستت کەوتووە. ئێوە رێگەی هۆشبەرەکان دەزانن؟ دەزانن لە ئەفغانستانەوە چۆن دێت؟ تەنیا ئەو مادە هۆشبەرەی لە دەروازەی ئێرانەوە دەگات، دەزانن ساڵانە 50 ملیار دۆلارە؟" 
 
یاریدەدەری سەرۆککۆمار داوای لە سەرۆکی جەهەپە کرد راستی گوتەکانی بسەلمێنێ و وەزیری ناوخۆش لە تویتێکدا نووسی، "کڵچدارئۆغڵو ناپاکە ئەگەر بوختانەکەی نەسەلمێنێت." 
 
دانیشتنەکانی پەرلەمان بەردەوامن، بەگوێرەی کارنامەی پەرلەمان گفتوگۆکان لەبارەی رەشنووسی بودجەی گشتیی تورکیا بۆ ساڵی 2023 تاوەکو 16 ئەم مانگە بەردەوام دەبن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی: دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور دەڵێت، دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات