رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە بۆ دوو هاوژینی کورد لە ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی شەکاندنەوەی ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە - و گوتنەوەی هوتاف بۆ پشتگیریی ئۆجەلان، ژمارەیەک لە ئامادەبووان دراونەتە دادگە و زاوا و دوو لە خزمانی داوای 7.5 بۆ 23.5 ساڵ سزای زیندانییان بۆ دەکرێت.
ئاهەنگەکە رۆژی 12-6-2022 لە هۆڵێکی بووک گواستنەوە لە ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچووە، بەڵام گرتە ڤیدیۆییەکە لەم چەند رۆژەدا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەبینرێت ئەوەیە، لە نێو هۆڵەکەدا بەیداخی زەرد و سوور و زەرد هەیە و چەند کەسێک لە ئامادەبووان هوتاف بۆ پشتگیری لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێنەوە.
تیمێکی پۆلیسی ئەسەنیورت چوونە ئەو هۆڵەی ئاهەنگەکەی لێ بەڕێوەچووبوو و سەیری تۆماری کامێراکانی چاودێرییان کردەوە.
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لەو سکاڵانامەیەی لەبارەی ئەو ئاهەنگە ئامادەیکردووە باس لەوە دەکات، ئاهەنگەکە لە دۆخێکی ئاسایی دەرچووە و دروشم و هوتاف لەبارەی پەکەکە [کە بە رێکخراوی تیرۆرستی ناویبردووە] گوتراوەتەوە. داواکاری گشتیی ئەمەی بە تاوان ناوبردووە.
زاوا؛ مەسعود کارچک، تەحسین کاراچک و ئوموت کاپڵان تۆمەتبارکراون بە [ئەندامێتیی رێکخراوی تیرۆرستی] و داوای 7.5 بۆ 23.5 ساڵ سزای زیندانییان بۆ دەکرێت، هەروەها 11 کەسی دیکە لە خزمانی زاوا تۆمەتبارکراون بە [بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆرستیی چەکدار] و داوای 2.5 بۆ 13.5 ساڵ سزای زیندانییان بۆ دەکرێت.
هەروەها ئەو گۆرانیبێژانەی لە ئاهەنگەکەدا بە زمانی کوردی گۆرانییان گوتبوو، لەگەڵ میوزیکژەنەکان دەستبەسەرکران و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا و دواتر ئازادکران، بەڵام چوونە دەرەوەیان لە وڵات لێ قەدەخەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ