ئاکپارتی کۆنگرەی نائاسایی سازدەکات

05-10-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن ئاکپارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، کە پارتی فەرمانڕەوای تورکیایە هەفتەی داهاتوو چوارەم کۆنگرەی نائاسایی ساز دەکات. 
 
سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ رێکخستنی چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی ئاکپارتی کۆتاییان پێهاتووە و بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرەکە، رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)، کۆنگرەکە لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەم وڵاتە لەژێر ناونیشانی "100 ساڵەی تورکیا" سازدەکرێت. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی لیژنەی بەڕێوەبردنی چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی ئاکپارتی، لە رۆژی کۆنگرەکەدا لە 81 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا، هەزاران ئەندام و 400 میوانی تایبەت ئامادەدەبن. لە کۆنگرەکەدا درووشمەکانی "100 ساڵەی تورکیا" و "رووی سپیی کۆمار" و "ئاکپارتی هاوبەشی هزری تورکیا" بەرزدەکرێنەوە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەپێی زانیارییەکان تاکە بەربژێری سەرۆکایەتیی ئاکپارتی دەبێت و، دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەرکردایەتیی ئێستای ئەو پارتە سیاسییە دەگۆڕدرێن. 
 
چاوەڕوان دەکرێت، لە گوتاری دەسپێکی کۆنگرەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیامی نوێی لەبارەی هەردوو پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەستووری تورکیا، پێشکێش بکات. 
 
رۆژی 14ـی ئابی 2001، ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێیەکانی، دوای کشانەوەیان لە پارتی فەزیلەت (پارتێکی ئیسلامی بوو، داخرا) دامەزرا. لە 3ـی تشرینی دووەمی 2002 بۆ یەکەمینجار بەشداری لە ھەڵبژاردنی گشتیی تورکیا کرد و توانی 34.28%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، کە 10 ملیۆن و 808 هەزار و 229 دەنگ بوون و، لە کۆی 550 کورسیی پەرلەمان 363 کورسی بردەوە و بە تەنیا دەسەڵاتی گرتەدەست.
 
ئاکپارتی لە 21ـی ساڵی تەمەنیدا 16 هەڵبژاردنی بردووەتەوە و سیستەمی فەرمانڕەوایی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی گۆڕی. هەروەها حەوت کۆنگرەی ئاسایی و سێ کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە و، 11 ملیۆن و 241 هەزار و 230 ئەندامی هەیە.
 
ئەو حیزبە ئیسلامییە لە دوایین هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری 2023ـدا لە کۆی 600 کورسی پەرلەماندا 268 کورسی بەدەستهێنا و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 692 دەنگ، 52.18٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بۆ جاری سێیەم بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە