وەزیری بازرگانیی تورکیا: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیمان کردووە

05-04-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد مووش، وەزیری بازرگانیی تورکیا باسی هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و رایگەیاند، سەرەڕای ئەو رەوشە نەرێنییەی بوومەلەرزە لە بەرهەمهێنان و دابینکردندا دروستیکردووە، لە مانگی ئاداردا هەناردە 4.4٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 23.6 ملیار دۆلار.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە کە وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا رێکیانخستبوو، ئاماری بازرگانیی دەرەکی لە مانگی ئادار راگەیێندرا. وەزیری بازرگانی تورکیا باسی لەوە کرد، سەرەڕای ئەو دۆخە نەرێنییەی بوومەلەرزە لە بەرهەمهێنان و دابینکردندا دروستیکردووە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا هەناردەکردن 4.4٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 23.6 ملیار دۆلار و گوتی: "لە مانگی ئاداردا هاوردەمان 4.2٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 32.2 ملیار دۆلار. تێکڕای وزەی هاوردە لە مانگی ئادار شەش ملیار دۆلار بووە." 
 
محەممەد مووش هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023دا، هەناردەیان 2.5٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 61.6 ملیار دۆلار، هاوردەشیان 11.4 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 96.5 ملیار دۆلار.
 
سەبارەت بە مامەڵە و بازرگانیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەیکرد، تەواوی توانایان بۆ بەهێزکردنی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەکاردەهێنن و باسی لەو کۆبوونەوەیە کرد کە ئاداری ئەمساڵ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و لایەنی پەیوەندیداری عێراق سازیکردووە. مووش هەروەها جەختی لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئیمارات و سعودیەش کردەوە. 
 
محەمەد مووش گوتی: "لەگەڵ نوێنەرانی جیهانی کار کۆبووینەوە و هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو هەنگاوانە کرد کە لەڕێیانەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بەهێزتر دەبن. هەر لە مانگی ئاداردا سەردانی ریازمان کرد و لەگەڵ لایەنی بەرامبەر پەیوەندییە بازرگانییەکانمان تاوتوێ کردن و باسی هەوڵی بەهێزکردنیانمان کرد." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە