چاوەڕوان دەکرێت کڵچدارئۆغڵو وەکو بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت رابگەیێندرێت

05-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بێ ئاکشەنەر کۆبوونەوە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممەش کەمال کڵچدارئۆغڵو وەکو بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا رابگەیێندرێت.
 
سەرۆکی پێنج پارتە سیاسییەکەی هاوپەیمانیی میللەت رۆژی شەممە 4ی ئاداری 2023 لە یەکەم کۆبوونەوەدا کە بەبێ بەشداریکردنی مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، بڕیاریاندا هاوپەیمانییەکەیان بەردەوام بێت و رایانگەیاند، وەکو ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو بەربژێری هاوبەشی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە 6ی ئادار رادەگەیێندرێت.
 
مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا بەشداری ناکات.
 
کۆبوونەوەکە بە میوانداری تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت تێیدا کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە وەکو بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ رای گشتی رابگەیێندرێت.
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 03-03-2023 مەرال ئاکشەنەر رایگەیاند کە چیدیکە لەنێو ئەو هاوپەیمانییەدا نابێت.
 
رۆژی شەممەش کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە؛ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی - دەڤا؛ گولتەکین ئویسال، سەرۆکی پارتی دیموکرات بە میوانداری تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەکیان کرد، کە نزیکەی 4.5 کاژێری خایاند. سەرۆکی ئەو پێنج پارتە کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی ئیی پارتی ئامادە بێت یان نا، ئەوان وەکو هاوپەیمانیی میللەت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
 
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سوپاسی سەرۆکی سەرجەم پارتەکان و لە سەروویانەوە بەڕێز تەمەل کارامۆڵڵائۆ‌غلو دەکەم کە میوانداریی ئەم دیدارەی کرد کە بە مەبەستی یەکخستنی هەموو رەنگەکانی تورکیامان بۆ هێنانەدی دیموکراسی و دادپەروەری و ئاشتیی راستەقینە کۆبووینەوە. بە هەمان باوەڕ و بڕیارەوە هەوڵەکەمان بەردەوامە."
 
لە تورکیا هیچ پارتێکی سیاسی بە تەنیا و بێ هاوپەیمانی چانسی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا نییە.
 
ئاکپارتی و مەهەپە بۆ دوایین هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، هاوپەیمانیی جمهووریان پێکهێنا. ئەو هاوپەیمانییە بەردەوام بوو و بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆککۆمارییەکەی تورکیا کە لە 2023 ئەنجام دەدرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەربژێریانە.
 
جەهەپە و ئیی پارتیش کە لە 2018دا هاوپەیمانیی میللەتیان پێکهێنا، بە مەبەستی فراوانکردنی هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ سەرۆکی چوار پارتی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن مێزی شەش حیزبیان پێکهێنا، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنیان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش ئیی پارتی مێزی شەش حیزبی بەجێهێشت.
 
هەرچی هەدەپەیە لە دەرەوەی ئەو دوو هاوپەیمانییەیە و لە سەرەتاوە هۆشداریی داوەتە تەواوی پارتەکان بەوەی، هیچ هاوپەیمانییەکی نافەرمی پەسند ناکات و لە ئەگەری نەبوونی رێککەوتنی واژۆکراودا پشتیوانیی هیچ لایەنێک ناکات.
 
هەدەپە بۆ ئەو مەبەستە بە جیا لەگەڵ پارتە چەپ و سۆسیالیستەکان لە تورکیا هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیی پێکهێناوە و لە باکووری کوردستانیش بە جیا لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی دەدات.
 
هەدەپە ساڵی 2019 لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیادا پاڵپشتیی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی میلـلەت کرد و بەو جۆرە گەورە شارەوانییەکانی وەکو ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و چەندین شارەوانیی دیکەی گرنگ لە ئاکپارتی سەندرانەوە.
 
ئێستا کە مەرال ئاکشەنەر لە هاوپەیمانیی میلـلەت جیابووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەدەپە لە پێنج پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو نزیک ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە