رووداو دیجیتاڵ
چوار مامۆستای زانکۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا ماوەی 25 ساڵ سەرقاڵی توێژینەوەیەک بوون لەبارەی کە ئایا خواردنەوەی چای گەرم دەبێتە هۆکاری شێرپەنجەی سوورێنچک؟ دوای لێتوێژینەوە لە 1462 تووشبووی شێرپەنجە ئەنجامەکەشی سەرنجراکێش بوو. بەپێی توێژینەوەکە، "چای گەرم هۆکاری تووشبوونە بە شێرپەنجەی سوورێنچک."
ئەتیلا ئەرئۆغڵو، پرۆفیسۆری زانکۆ لە ئەرزەڕۆم لەبارەی ئەو توێژینەوەیە دەڵێت، "نمرەی کوڵانی چا 94-95 پلەیە. کاتێک لە پیاڵە دەکرێت، پلەی گەرمییەکەی دەبێتە 90. کاتێک شەکری تێدەکەیت و تێکی دەدەیت، دادەبەزێت بۆ 83-85. وای دابنێن کەسێک رۆژانە 10-20 پیاڵە چای پلە 85 بخواتەوە. زیان بە بۆریی سورێنچک دەگەیێنێت و برین دروستدەکات کە ئەوەش شێرپەنجەی سورێنچک بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
توێژینەوەکە ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە چا زۆر دەخۆنەوە و دەڵێت، چا، سێ بۆ چوار خولەک دوای هێنانە خوارەوەی لەسەر ئاگر ئینجا بخورێتەوە، هەرچەندە ئەم کارە هەموو کەس نایکات.
قادر ئۆزگیون، هاونیشتمانییەکە لە باکووری کوردستان دەڵێت، "ئەرزەڕۆم شوێنێکی ساردە و بەم سەرمایە چای گەرم زۆر خۆشە."
مەحموود ئاکیڤ ئەرسۆی، هاونیشتمانییەکی دیکەیە گوتی، "ئێمە چای گەرم دەخۆینەوە و زۆریش دەخۆینەوە. لە بەیانییەوە لەگەڵ قاوەڵتی، دواتریش نیوەڕۆ و ئێوارە تا شەو، لە چای خواردنەوە بەناوبانگین."
پسپۆران دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی سورێنچک، نەخۆشیی قەڵەوی و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیە، بەڵام ئەو توێژینەوەیە دەڵێت، لە باکووری کوردستان هۆکارە سەرەکییەکە خواردنەوەی چای گەرمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ