رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی کەرکووک رایگەیاند بەراورد بە ساڵی رابردوو، ژمارەی نەخۆشانی شێرپەنجە و خوێن زیادیکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26-12-2024) لە راگەیێندراوێکدا ئاماری تەندروستیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە ساڵی 2024 دا، دوو ملیۆن و 91 هەزار و 613 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە".
سامان یابە عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو ئامارەی بڵاومان کردووەتەوە، ئاماری تەواوی پارێزگای کەرکووکە نەوەکو تەنیا سەنتەری شار".
بەپێی ئامارەکە؛ لە ساڵی 2024ـدا 39 هەزار و 284 منداڵ لە سنووری کەرکووک لەدایک بوون. سامان یابە دەڵێت، "لەکاتی کۆکردنەوەی ئامارەکەدا رێژەکەمان بە گشتی وەرگرتووە و کوڕ و کچمان جیانەکردووەتەوە."
لەبارەی ئامارەی تووشبوانی شێرپەنجە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک دەڵێ؛ لە ساڵی 2024ـدا هەزار و 276 تووشبووی شێرپەنجە و هەزار و 628 تووشبووی نەخۆشیی خوێن تۆمار کراون.
ئەم داتایە لەکاتێکە، ساڵی 2023 لە پارێزگای کەرکووک هەزار و 16 تووشبووی شێرپەنجە و هەزار و پێنج تووشبووی نەخۆشیی خوێن تۆمار کرابوون واتا بەراورد بە ساڵی رابردوو؛ ئەمساڵ 260 تووشبووی شێرپەنجە و 623 نەخۆشی خوێن زیادیان کردووە، بەمەش رێژەی تۆمارکردنی تووشبوون بە شێرپەنجە لە کەرکووک ئەمساڵ 25.59٪ زیاترە بەراورد بە پار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ