دەرچوونی ئی پارتی لە هاوپەیمانیی میللـەت "هاوکێشەی سیاسیی تورکیا دەگۆڕێت"

05-03-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
لەدوای ئەو گۆڕانکارییانە، نزیکبوونەوەی هەدەپە لە هاوپەیمانیی میللـەت یەکێک لە ئەگەرەکانە
لەدوای ئەو گۆڕانکارییانە، نزیکبوونەوەی هەدەپە لە هاوپەیمانیی میللـەت یەکێک لە ئەگەرەکانە
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەدوای دەرچوونی ئی پارتی لە هاوپەیمانیی میللـەت، هاوکێشە سیاسییەکانی تورکیا گۆڕانیان بەسەرداهاتووە، نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هاوپەیمانییەکە، یەکێک لە ئەگەرەکانە، بەتایبەتی کە پێشتر ئیی پارتی ئاستەنگە سەختەکەی بەردەم بەشداریکردنی هەدەپە بوو.
 
لەکاتێکدا کەمتر لە دوو مانگ و نیو ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا، ئێوارەی رۆژی شەممە، هاوپەیمانیی میللەت کە پێکدەهات لە (جەهەپە، دەڤا، دیموکرات پارتی، گەلەجەک پارتی، سەعادەت و ئی پارتی) بە بێ ئیی پارتی کۆبووەوە، چونکە هەیینیی رابردوو مێرال ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتەکە لە هاوپەیمانیی میللەت کشایەوە.
 
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی وەڵامی پرسیاری ئەوەی دایەوە؛ ئایا سەرۆکی پارتەکەی بەشداری لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی هاوپەیمانیی میللەت دەکات؟ ئەویش، گوتی "نا، نەخێر بەشداری ناکات".
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لەبارەی چوونەدەرەوەی ئی پارتی، گوتی "بە هیچ جۆرێک خەمتان نەبێت، تەواوی بەردەکان لە شوێنی خۆیاندا جێگیر دەبن".
 
لەو کاتەی ئاکشەنەر کشانەوەی خۆی لە هاوپەیمانیی میللەت رادەگەیاند، مستەفا دەستیجی، سەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتیی مەزن کە پشتیوانیی هاوپەیمانیی جمهوور دەکات، ئاکشەنەری بانگهێشتی هاوپەیمانییەکە کرد.
 
مستەفا دەستیجی، سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن گوتی "بانگەوازی ئێمە بۆ ئەوان؛ ئەگەر بەدوای بەربژێرێکدا دەگەڕێن کە بیباتەوە، با بفەرموون بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور دەیباتەوە. بە بینینی ئەوان لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور خۆشحاڵ دەبین".
 
لەدوای ئەو گۆڕانکارییانە، نزیکبوونەوەی هەدەپە لە هاوپەیمانیی میللـەت یەکێک لە ئەگەرەکانە. بەتایبەتی کە پێشتر ئیی پارتی ئاستەنگە سەختەکەی بەردەم بەشداریکردنی هەدەپە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەدەپە هیچ کاتێک دەرگای هاوئاهەنگیی دانەخستووە.
 
میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە دەڵێ "رۆژ رۆژی فراوانترکردنی هیوا و خەباتی هاوبەشە. هەدەپە لەم بابەتەدا پەی بە هەموو بەرپرسیاریەتییەکانی سەر شانی دەبات و خاوەنی ئەزموون، ویست و پێداگریی تەواوە بۆ بەجێهێنانی ئەو بەرپرسیاریەتییە".
 
ئاکشەنەر بە بەربژێرکردنی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رازی نەبوو و پێی وانییە ئەو بتوانێت دەنگی پێویست بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەدەستبهێنێت. بەڵام پێنج پارتەکەی دیکە پشتیوانیان لە کڵچدارئۆغڵو کرد. ئاکشەنەر پێیوایە یەکێک لە سەرۆکی گەورەشارەوانییەکانی ئەنقەرە یان ئیستەنبووڵ کە ئەزموونی سەرکەوتنی شارەوانییان هەیە، دەتوانن لە هەڵبژاردندا سەربکەون نەک کڵچدارئۆغڵو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە