رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ لە رووی ژمارەی گەشتیارەوە، ماوەی سێ ساڵە یەکەمی فڕۆکەخانەکانی کیشوەری ئەوروپایە، ئەمساڵیش لە رۆژانی 25ی تشرینی دووەم تاوەکو 1ی کانوونی یەکەمی 2022، لە رووی ئەنجامدانی زۆرترین گەشتەوە، لە ریزبەندی یەکەمدا بووە.
لە راگەیێندراوێکدا، رێکخراوی سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەوروپا (EUROCONTROL) ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە 25ی تشرینی دووەم تاوەکو 1ی کانوونی یەکەمی 2022، رۆژانە بەتێکڕا هەزار و 210 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵەوە کراون و فڕۆکەخانەکە لە رووی زۆری گەشتی ئاسمانییەوە، یەکەمی ریزبەندی فڕۆکەخانەکانی ئەوروپای گرتووە.
بەگوێرەی ئەم داتایانەش، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ کە لەلایەن کۆمپانیای IGA بەڕێوەدەبرێت، تاکە فڕۆکەخانەیە لەنێو 10 فڕۆکەخانەی قەرەباڵخی ئەوروپا کە ژمارەی گەشتەکانی ئەمساڵی لە ژمارەی گەشتەکانی ساڵی 2019 زیاتر بووە.
لە دوای فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، فڕۆکەخانەی هیسرۆو لە لەندەن بە هەزار و 153 گەشتی رۆژانە لە پلەی دووەم و فڕۆکەخانەی شارل دیگۆل لە پاریس بە هەزار و 108 گەشتی رۆژانە لە پلەی سێیەم دێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی: "لە 25ی تشرینی دووەم تاوەکو 1ی کانوونی یەکەمی 2022، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بە ئەنجامدانی هەزار و 210 گەشتی رۆژانە لە رووی زۆری ژمارەی گەشتەوە پلەی یەکەمی فڕۆکەخانەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە. هەروەها لە نێوان 10 گەورەترین فڕۆکەخانەی ئەوروپادا، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ تاکە فڕۆکەخانە بووە کە ژمارەی گەشتەکانی ئەمساڵی لە ژمارەی گەشتەکانی ساڵی 2019 زیاتر بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ