هەدەپە 'هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسیی کورد' رادەگەیێنێت

03-04-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، دانوستاندنەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە کوردستانییەکانی باکووری کوردستان تەواو کرد و ئەمڕۆ دووشەممە 3ی نیسانی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا کە لە شاری ئامەد دەکرێت، 'هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسیی کورد' رادەگەیێندرێت.
 
هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی تورکیادا کە رۆژی 14ی ئایاری ئەمساڵ دەکرێت، لەسەر لیستی "پارتی چەپی سەوز" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات.
 
هەدەپە، لە تورکیا لەگەڵ چەند پارتێکی چەپ و سۆسیالیست "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی"ـیان پێکهێناوە، لە باکووری کوردستانیش هاوپەیمانیی هەڵبژاردنی لەژێر ناوی "هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسیی کورد" لەگەڵ چەند پارتێکی کوردی لە باکووری کوردستان دامەزراندووە.
 
بڕیارە کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئاهەنگەکانی ناوچەی کایاپنار لە ئامەد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە ئامادەبوونی میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە هاوپەیمانیی پارتە کوردستانییەکان رابگەیێندرێت.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، بێجگە لە میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، هەریەک لە چیدەم کڵیچگون ئوچار، هاوگوتەبێژی پارتی چەپی سەوز - یەپەسە؛ ساڵیحە ئایدنیز، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان - دەبەپە؛ ئایەتوڵڵا ئاشتی، سەرۆکی پارتی ئازادی؛ عەبدولحەی ئۆکوموش، لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی کورد؛ بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک - دەتەکە؛ محەممەد کاماچ، سەرۆکی پارتی مرۆڤ و ئازادی؛ سینان چیفتیورەک، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان - پەسەکە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئامادە دەبن.
 
چاوەڕان دەکرێت بەیاننامەی هاوپەیمانییەکە لەلایەن ساڵیحە ئایدنیز، هاوسەرۆکی دەبەپە و بایرام بۆزیەل، هاوسەرۆکی پەسەکە بۆ رای گشتی رابگەیێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تولای هاتیمئۆغوڵڵای، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی).

دەم پارتی لەبارەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا پەیوەندی بە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواخستنی دیدارەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە پێشهاتەکانی سووریاوە هەیە.