رووداو هەولێر
دادگەی ئیستەنبووڵ لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا هیچ بڕیارێكی لەبارەی دۆسیەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ نەدا کە بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا داوای چوار ساڵ و مانگێک زیندانیکردن و قەدەخەکردنی لە سیاسەت دەکرێت.
دانیشتنەکەی دادگە کاژێر 11:30ـی ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی حوزەیرانی 2022، لە حەوتەمین دادگەی تاوانی ئەنادۆڵی ئیستەنبووڵ دەستیپێکرد.
چاوەڕواندەکرا دادگە بریاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکە بدات، بەڵام دادگە بڕیاری کۆتایی نەدا و دانیشتنەکەی بۆ 21ـی ئەیلولی داهاتوو دواخست.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دوای ئەوەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2019 ـی شارەوانییەکانی تورکیا هەڵوەشاندەوە رایگەیاند، "دەسەڵات ئەو هەڵبژاردنەی لەڕێگەی ساختەکارییەوە نەبردەوە، دەیەوێ بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردن لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بیباتەوە". بەهۆی ئەو گوتانەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئیمامئۆغڵو تۆمارکرا.
ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بوو کە جەهەپە و ئیی پارتی پێکیانهێنا و هەدەپەش پشتیوانی کرد. دوای 25 ساڵ بە پشتیوانیی کورد گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵی لە ژێر دەستی ئاکپارتی دەرهێنا.
ئیمامئۆغڵو دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژارنەکانی 31ـی ئاداری 2019دا تەنیا 18 رۆژ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بوو و دواتر قەییوومی بۆ دانرا و بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ دووبارە کرانەوە.
ئیمامئۆغڵو رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2019، بە بەدەستهێنانی 806 هەزار و 426 دەنگ، لە بینالی یڵدرمی رکابەری کە بەربژێری ئاکپارتی بوو، بردەوە و لە ماوەی سێ مانگدا بۆ دووەمجار وەک سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ