جەهەپە: پێویستمان بە زانیاریی مافیا نییە و خەڵک هەموو شتەکان دەزانن

01-06-2021
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن سێدات پێکەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەکانی سێدات پێکەر لەبارەی ئەوەی ئەنقەرە چەکی بۆ بەرەی نووسرە بۆ سووریا ناردووە، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. 
 
فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە دەڵێت، "کەسێک کە بە ئاشکرا پشتیوانی لە حکومەتی تاکڕەویی ئەردۆغان دەکرد و هەڕەشەی لەوانە دەکرد دژی ئەردۆغان بوون و پۆلیسی حکومەتیشی خرابووە ژێر دەست، ماوەی مانگێکە چەندین پەیوەندیی چەپەڵ ئاشکرا دەکات. ئەو دانی بەوەداناوە کە باری بارهەڵگرەکان بۆ نووسرە نێردراون، نەک تورکمانەکانی بایربوجاک. ئێمە پێویستمان بەوە نییە چوونی چەک بۆ سووریا لە زاری سەردەستەی مافیا ببیستین، چونکە هەمووان بابەتەکە دەزانن. ئەم بابەتە بووە هۆی ستەمکردن لە زۆر کەس. یەکێک لەوانە هاوڕێمان ئەنیس بەربەرئۆغڵوە کە بە ناڕەوا خرایە گرتووخانەوە."
 
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵەی کە گوایە تورکیا چەکی بۆ بەرەی نووسرە ناردووە مامەڵەیەکی تووندی لەگەڵ کرا جان دونداری رۆژنامەڤان بوو. دوندار بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری و فۆتۆ لەبارەی ئەو بابەتە دەستگیرکرا و دەست بەسەر ماڵ و سامانیشیدا گیرا. 
 
دوندار ئێستا لە ئەڵمانیایە و لە پرۆگرامێکی رادیۆییدا لەبارەی گوتەکانی پێکەر لە بابەتی ناردنی چەک بۆ بەرەی نووسرە رایگەیاند، گەورە راوێژکاری ئەمنیی کۆشکی کۆماری چەکەکەی نارد، سەرۆکی کارگێڕیی کۆشک پارەکەی بژارد و پارەکەش چووە گەنجینەی ئاڵبایراکەوە.
 
سێدات پێکەر لە ئیمارات نیشتەجێیە؛ تاوەکو ئێستا هەشت ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە و لە هەشتەمین ڤیدیۆدا دەڵێت، لەگەڵ ئەوەدا بووە چەک بۆ تورکمانەکانی بایربوجاکی سووریا بنێردرێت و تەنانەت ئەو بابەتەی لەگەڵ پەرلەمانتارێک باسکردووە. پێکەر گرووپی سادات بە ناردنی چەک بۆ بەرەی نووسرە تۆمەتباردەکات. سادات گرووپێکی تایبەت بە کاروباری ئەمنییە و سەر بە ئاکپارتییە.
 
سێدات پێکەر کە سەردەستەی مافیاییە دەڵێت، "برا بەڕێزەکانم، دوای دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرەکانی میت، شتێکی لەو جۆرە لە مێشکمدا دروستبوو کە هاوکاری بۆ تورکمانەکانی بایربوجاک و ناوچەکە بنێردرێت. ئەوان گوتیان با بارهەڵگری زیاتر بنێرین. زۆر باشە، بەڵام بارهەڵگرەکانی دیکە بۆ ناوچەیەکی دیکە نێردران. هاوڕێکانی خۆمان گوتیان ئەو بارهەڵگرانەی دیکە بۆ نووسرە دەڕۆن. بەناوی منەوە دەڕۆن، بەڵام من نەمناردوون، سادات ناردنی."
 
دۆسیەی بارهەڵگرەکانی میت بە کراوەیی مایەوە و حکومەت ساڵی 2019 سزای زیندانی بەسەر 22 لەو کەسانەدا سەپاند کە بەشداربوون لە گەڕان و پشکنینی بارهەڵگرەکان.
 
سزای ئەو 22 کەسە لە 2-22 ساڵ بوو. ئەوانیش تاوانی ئەوەیان درایەپاڵ کە بە رێنمایی گولەنییەکان کاریان کردووە و بەڵگەنامە نھێنییەکانی دەوڵەتیان ئاشکراکردووە.
 
ئێستا چاوەکان لەسەر نۆیەمین ڤیدیۆی سێدات پێکەرن کە بەڵێنی داوە باسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تولای هاتیمئۆغوڵڵای، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی).

دەم پارتی لەبارەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا پەیوەندی بە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواخستنی دیدارەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە پێشهاتەکانی سووریاوە هەیە.