ئەحمەد شەرع موفتیی نوێی سووریای دیاری کرد و دەڵێت: یەکێکە لە باشترین پیاوەکانی شام

29-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا بڕیارە رۆژی شەممە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا حکومەتێکی نوێ رابگەیێنێت، تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە دەڵێت، رۆژی هەینی موفتییەکی نوێ دەستنیشان کراوە.
 
بەگوێرەی میدیاکە، شێخ ئوسامە ریفاعی بە موفتیی وڵات دەستنیشان کراوە و 11 ئەندامی نوێ بۆ دەستەی فەتوا دیاریکراون.
 
ئوسامە ریفاعی لەدایکبووی ساڵی 1944 و بانگخوازێکی سووریاییە، لەسەر مەزهەبی شافعییە و پشتیوانی لە سەرهەڵدانی خەڵکی سووریا دژی بەشار ئەسەد کرد.
 
ئوسامە ریفاعی لە تشرینی دووەمی 2021ـەوە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەو کاتی سووریاوە بە موفتی دەستنیشان کرابوو.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی ئایینی، لە لایەن شەرعەوە بە موفتیی گەورەی سووریا دەستنیشان کرا.
 
ریفاعی گوتی، "خوا بەخشندەیی خۆی بەسەرماندا باراند کە ئێمەی لە رژێمی لەنێوچووی ستەمکاری دەستدرێژیکار رزگار کرد. سوپاس بۆ خودا کە بەڕێز سەرۆک و ئەم حکومەتەی بە ئێمە بەخشی. زۆر گەشبینین کە بە پشتیوانیی خودا پرسی فەتوا لە سۆنگەی تێڕوانینی چاکە و نیازپاکی بەرامبەر حکومەت و بەرپرسیارێتییەکانی سەرچاوە دەگرێت."
 
ریفاعی شوێنی ئەحمەد حەسوون دەگرێتەوە کە موفتی سوننە مەزهەبی سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بوو. 
 
رۆژی هەینی میدیای سووریا بڵاویکردەوە، حەسوون لە فڕۆکەخانەی دیمەشق رێگەی جێهشتنی وڵاتی لێگیراوە و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تاوانەکانی بەشار ئەسەد دژی خەڵکی سووریا، دەستگیرکراوە. 
 
ئەحمەد شەرع لە تەنیشت ریفاعی گوتی، "بەرپرسیارێتی، ئەمانەت و رۆڵی فەتوا لە بونیادنانی وڵاتی نوێدا بۆ هەموو کەسێک روونە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە فەتوا لە لایەن کەسانی لێنەهاتووەوە هەڵەی لە بەرامبەر کرا و کەسانی ناکارامە دەستوەردانیان تێدا کرد. لەسەر ئێمە پێویستە، هەموو ئەو شتانەی رژێمی رووخاو وێرانی کردبوون، لە هەموو بوارێکدا بۆ سووریا بیانگەڕێنینەوە."
 
شەرع موفتییە نوێیەکەی بە "یەکێک لە باشترین پیاوەکانی شام" ناوبرد.
 
موفتی گەورە سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی فەتوا دەکات کە لە یازدە ئەندام پێکدێت و هەر کاتێک پرسێکیان پێ یەکلانەبووەوە، دەتوانێت بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات. 
 
شەرع گوتی، "پێویستە فەتوا ببێتە بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵ، لە رێگەی دروستکردنی ئەنجوومەنی باڵای فەتواوە کە لە رێگەیەوە فەتوا دەدرێت."
 
سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا باسی لەوە کرد، ئەنجوومەنی فەتوا "رێبازی ئایینی میانڕۆ پەیڕەو دەکات کە رەسەنایەتی و سەردەمیبوون پێکەوە کۆدەکاتەوە و پارێزگاری لە شوناس دەکات."
 
ریفاعی لە ساڵی 1971 لە زانکۆی دیمەشق بەکەلۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کابینەی حکومەتی نوێی سووریا

وەزیرە کوردەکەی حکومەتی نوێی سووریا کێیە؟

کابینەی نوێی حکومەتی سووریا درەنگانی شەوی رابردوو راگەیێندرا. حکومەتەکە لە 22 وەزارەت پێکهاتووە کە تەنیا یەک وەزیریان کوردە. لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش دەڵێن "نوێنەرایەتی ئێمە ناکات."