رووداو دیجیتاڵ
رەنا دانیشتووی دیمەشقە. بەهۆی نەبوونی کارەباوە، جگە لە هەندێک هێلکە، پەتاتە و نان، هیچی دیکەی لەنێو ساردکەرەوەکەی هەڵنەگرتووە.
رەنا ئەحمەد، هاووڵاتی سووریایی دەڵێت: "دۆخی کارەبا زۆر خراپە و لە رووی داراییشەوە توانامان نییە کە سیستەمی پانێڵ دابنێین، چونکە وزەی خۆر زۆر گرانە و ئێمە ئەو توانایەمان نییە. تەنیا دەتوانین پاتری بەکاربهێنین."
زیاتر لە سێ مانگە دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا کۆتایی هاتووە، حکومەتی کاتی ئەو وڵاتەش لەوکاتەوە بەڵێنیداوە کە ژێرخانە وێرانبووەکەی چاک بکاتەوە.
بەڵام قەیرانی نەبوونی کارەبا هێشتا بەرۆکی سووریاییەکانی بەرنەداوە و زۆربەیان هێشتا لە تاریکیدا دەژین.
تۆڕی کارەبای سووریا و پاڵاوگەکانی بەرهەمهێنانی گاز زیانێکی زۆریان بەرکەتووە، ئەوەش وایکردووە حکومەت نەتوانێت پێداویستی نێوخۆی کارەبای پڕبکاتەوە.
حکومەت تەنیا توانای بەرهەمهێنانی هەزار و 500 مێگاوات کارەبای هەیە، ئەوەش تەنیا بەشی ئەوە دەکات رۆژانە دوو کاژێر کارەبا بداتە هاووڵاتییان.
عومەر شەقڕووق، وەزیری کارەبای سووریا بەوەکالەت، دەڵێت: "پلانی لەپێشینەمان، پلانی فریاگوازاری ئەوە بوو کە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لانیکەم بگەیێنینە هەشت کاژێر. چەندین رێگەمان بۆ ئەو مەبەستە گرتە بەر و یەکێک لەوانەش ئەوە بوو کە گاز هاوردە بکەین. بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییمان بە وڵاتە عەرەبییەکانەوە لەنێویاندا قەتەر کردووە."
هەرچەندە بەرپرسانی سووریا رێککەوتنێکییان لەگەڵ قەتەر بۆ هاوردەکردنی گاز کردووە و بەگوێرەی رێککەوتنەکەشیان لەگەڵ هەسەدە دەستیان بە کێڵگە نەوتییەکان دەگات، بەڵام هێشتا پێیانوایە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا کاتی زیاتری پێویستە.
وەزارەتی کارەبای سووریا دەڵێت، سێکتەری کارەبای وڵاتە 35 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و پلانێکی پێنج ساڵەشیان بۆ چاککردنەوەی داناوە کە پێویستی بە 39 ملیار دۆلار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ