سووریا
ژمارەیەک پەنابەری سووریایی لە شاری جێرسی ئەمریکا لە وانەیەکی فێربوونی زمانی ئینگلیزی. وێنە: KEVIN WEXLER, NORTHJERSEY.COM
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بڕیاریدا مافی پەنابەرێتیی کاتی بۆ هەشت هەزار و 200 سووریایی درێژبکاتەوە بۆ ئەوەی لەو وڵاتەدا بمێننەوە و کار بکەن، کە ئەگەر درێژنەکرابایەوە، دیپۆرت دەکرانەوە.
ئەو سووریاییانەی کە "دۆخی پاراستنی کاتی" واتە مافی پەنابەرێتیی کاتییان هەیە، دەتوانن تاوەکو ئەیلوولی ساڵی 2025 لە ئەمریکا بمێننەوە و کاربکەن.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بڕیارەکە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە پێش 25ـی ئەم مانگە گەیشتوونەتە ئەمریکا.
"دۆخی پاراستنی کاتی" مافێکە بۆ یەکەمین جار لە یاسای کۆچ و وڵاتیبوونی ساڵی 1990دا خرایەڕوو.
یاساکە رێگری دەکات لەوەی دەزگا فیدراڵییەکانی کۆچ و کۆچبەرانی ئەمریکا، پەناخوازان دیپۆرتبکەنەوە، ئەگەر لەو وڵاتانەوە رۆیشتبن کە حکومەت پێیوایە رووبەڕووی قاتوقڕی، جەنگ و کارەساتی سرووشتی بوونەتەوە.
لەدوای ئیدارەی کلینتنەوە، یاساکە هاوشێوەی پرۆگرامێکی لێخۆشبوونی گشتی کاری کردووە، لە کاتێکدا کە ئیدارەکانی کلینتن، بووش، ئۆباما، ترەمپ و ئێستاش بایدن بەردەوام بۆ ژمارەیەک وڵات نوێیان کردووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا هەروەها یارمەتییێکی دارایی بە ناونیشانی "یارمەتیی تایبەتی خوێندکاران" بۆ ئەو سووریاییانە راگەیاند کە هەڵگری ڤیزای خوێندنی F-1ـن، کە ئەوە هەروەها رێگەیان پێدەدات "داوای مۆڵەتی کارکردن بکەن، کاژێری زیاتر کاربکەن لە ماوەی خوێندن، هەروەها لەو ماوەیەدا کە بە خاوەن دۆخی پاراستنی کاتی پۆلێن دەکرێن، بەرنامەی خوێندنەکەیان بۆ کەمدەکرێتەوە."
ئەلێخاندرۆ مایۆرکاس، وەزیری ناوخۆی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێمە ئاگاداری دۆخی مەترسیلەسەری ئەو سوورییانەین کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانن و ناتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. بۆیە، ئامرازی یاسایی بەردەستمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی یارمەتییە مرۆییە زۆر پێویستەکەیان بۆ دابین بکەین."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی ئیدارەی بایدن "دۆخی پاراستنی کاتی" بۆ هێشتنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی بیانی لە ئەمریکا درێژکردووەتەوە، کە ئەگەر وانەبا، دەبووایە دیپۆرت بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ