نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا: ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر سووریا قبووڵ نەکراوە

12-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
کامیز شەدادی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەکانی ئاستانە پرسیار ئاراستەی ئەلیکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا دەکات
کامیز شەدادی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەکانی ئاستانە پرسیار ئاراستەی ئەلیکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گوتی، ئۆپەراسیۆنی لەو جۆرە "قبووڵکراو نییە."

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی کۆبوونەوەکانی ئاستانە لە وڵاتی کازاخستان کە رۆژی سێشەممە 12-11-2024 بەڕێوەچوو، کامیز شەدادی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەکانی ئاستانە پرسیاری ئاراستەی ئەلیکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا کرد.

پرسیارەکە لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو، کە ئەنقەرە جاروبار هەڕەشەی ئەنجامدانی دەکات.

لاڤرێنتیڤ رایگەیاند، "هەڵوێستی رووسیا لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر خاکی سووریا ئەوەیە، کە دەڵێین قبووڵ ناکەین. چەند جارێکیش رامانگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و راگەیاندنی ناوچەی ئارام چارەسەری کێشەکان ناکەن، بەڵکو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن."

سەبارەت بە گوتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە جاروبار دەڵێت، ئۆپەراسیۆن دەکەن، لاڤرێنتیڤ گوتی، "بە بۆچوونی من، لێدوانەکەی بەڕێز ئەردۆغان تەنیا بە مانای ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە دێت، نەوەک ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەست پێبکات، واتە باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە دەکات لە داهاتوودا؛ بەڵام هیوادارین لایەنی تورکیا خۆی لە گرتنەبەری ئەو جۆرە هەنگاوانە بەدوور بگرێت، چونکە بەڕاستی ئەو جۆرە هەنگاوانە راستەوخۆ ئەنجامی نەرێنییان لەسەر دۆخی سووریا دەبێت."

نوێنەرەکەی سەرۆکی رووسیا لە سووریا پێیوایە ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە کاریگەریی خراپی دەبێت و گوتی، "مرۆڤ دەتوانێت مەزەندە بکات کە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی وەها چی دەبێت. گرووپە چەکدارەکانی دیکەی سووریاش، ئەوانەی لە ئیدلبن، دەتوانن سوود لەو هێرشە وەربگرن و هەنگاوی جۆراوجۆر بنێن. بۆ نموونە، ئەوانەی وەکو دەستەی تەحریری شام. بۆیە بە بۆچوونی ئێمە، دەبێت رێککەوتنێک لەنێوان شام و بەڕێوەبەری هەبێت، وەکو دەڵێن بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."

سەبارەت بە بوون یان نەبوونی دیالۆگ لەنێوان مۆسکۆ و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لاڤرێنتیڤ باسی لە هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە کرد و ئەوەی بە ئاستەنگی بەردەم دیالۆگێکی وەها ناوبرد؛ باسی لە کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەت و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش کرد و گوتی، بەداخەوە ئەو کۆبوونەوانە هیچ ئەنجامێکیان نەبوو.

نێردەکەی سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، "له دوایین لێدوانی فەرماندەی هەسەدە مەزڵووم عەبدی، جارێکی دیکه روون بووەوە که بەداخەوە لایەنی کوردی دیمەشقی تۆمەتبار کرد بەوەی شام نایەوێت دان به دۆخی راستەقینەدا بنێت و خۆی له دیالۆگێکی بنیاتنەرانە بەدوور دەگرێت. ئێمە لە هەموو کۆبوونەوەکانماندا، بە ئاستانەشەوە، دەڵێین، بە تووندی دژی هەموو پیلانێکی جوداخوازانەین. بە پێویستیشی دەزانین گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی راستەقینە دەست پێبکەن و بگەنە سازان و ئەنجام. تەنیا بەو شێوەیە چارەسەری کێشەکان دەدۆزرێتەوە."

لاڤرێنتیڤ رایگەیاند، "هیوادارین بەڕێوەبەرایەتی کوردی رێگەیەکی ژیرانە و تەندروست هەڵبژێرێت و سەرنجی لەسەر دژایەتی و دابڕان لە شام نەبێت؛ هیوادارین دەستی دیالۆگ بۆ شام درێژ بکەن و پێکەوە کێشە هەنووکەییەکان چارەسەر بکەن." سەرۆککۆماری سووریا چەندین جار رایگەیاندووە، "کورد خەڵکی ئێمەن، ناتوانن لە ئێمە جیابن و درێژە بە جوودایی بدەن. ئێمە ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکین."

رۆژی 11-11-2024 بە بەشداریی هەریەک لە رووسیا، تورکیا و ئێران 22ەمین کۆبوونەوەکانی ئاستانە لە کازاخستان دەستیان پێکرد.

کۆبوونەوەکانی ئاستانە تایبەتن بە دۆخی سووریا و رۆژی سێشەممە کۆتاییان هات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو فڕۆکەی جەنگیی سوپای سووریا کە لە بنکەیەکی سەربازیی حەلەب بەجێهێڵدراون. وێنە: AFP

ئەمریکا بە مەرجێک سزاکانی سەر سووریا لادەبات

بەگوتەی چەند سەرچاوەیەک، ئەمریکا و ئیمارات چەند کۆبوونەوەیەکیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سووریا کردووە. "باسی ئەوەیان کردووە ئەگەر ئەسەد واز لە ئێران بهێنێت، ئەمریکا سزاکانی سەر وڵاتەکەی لادەبات."