بەریتانیا سزاکانی سەر وەزارەتی نێوخۆ و بەرگریی سووریا هەڵدەگرێت

24-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سزا لەسەر 12 دامەزراوەی حکومیی سووریا هەڵدەگرێت؛ لەوانەش وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، چەند دامەزراوەیەکی دارایی، میدیایی و وزە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "ئەمە بۆ بووژانەوە، چاکسازی و بنیاتنانەوە گرنگە."
 
رۆژی پێنجشەممە 24-04-2025، نووسینگەی جێبەجێکردنی سزا ئابوورییەکانی بەریتانیا رایگەیاند: "سزا لەسەر چەند دامەزراوە و وەزارەتێکی سووریا هەڵگیرا."
 
دوو لە گرنگترین دامەزراوەکان کە ناویان لە لیستەکە هاتووە، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریان.
 
جگە لەو دووە، چەندین ئاژانس و دامەزراوەی میدیایی و هەواڵگریش هەڵگیران و چیدیکە بەریتانیا سامانەکانیان سڕ ناکات.
 
نووسینگە حکومییەکەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەوانەی سزادرابوون "دەستیان لە سەرکوتکردنی گەلی سووریادا هەبوو، یان بەشدار بوون لە پشتیوانیکردن و سوودگەیاندن بە رژێمی سووریا."
 
چەند دامەزراوەیەکی دیکەی وەک خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەرهەمهێنانی وزەش بەشێک بوون لە لیستەکە.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد و رایانگەیاند: "هەنگاوێکی بنیاتنەرە بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانیکردنی پێداویستییەکانی گەلی سووریا."
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە: "هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتە گرنگەکانی وەکو خزمەتگوزارییە داراییەکان و بەرهەمهێنانی وزە، شانبەشانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دامەزراوە میدیاییەکان، راستەوخۆ دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی خەڵکی سووریا."
 
وەزارەتەکە هەروەها رایگەیاند: "ئەو رێوشوێنانە یارمەتیی دەستپێکردنی چاکسازیی حکومی و ئەمنیی گرنگ دەدەن،هەروەها دەبنە هۆی راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخان و ئابووریی سووریا."
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند، ئەوان بە تەواوی پابەندی دروستکردنی داهاتوویەک دەبن کە هەموو سووریاییەک لەخۆ بگرێت.
 
لەوکاتەوەی بەشار ئەسەد لە 08-12-2024 رووخێنراوە، دەسەڵاتی نوێی سووریا هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوون کە وڵاتانی رۆژئاوا رازی بکەن بۆ  ئەوەی سزاکانی سەر سووریا لابەرن یان کەمیبکەنەوە.
 
هەندێک لە وڵاتەکان، لەوانەش ئەمریکا گوتیان، چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن حکومەتی نوێی سووریا چۆن دەسەڵات بەکاردەهێنن و مامەڵە دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزێکی هەسەدە

راپۆرتێک: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆڵی گرنگی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەسەدە و تورکیادا گێڕا

نوێترین راپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکانی تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا ئاڵنگاریی گەورەیان بۆ هەسەدە دروستکرد، بە جۆرێک هەسەدە ناچاربوو زیاتر سەرنج بخاتە سەر ئەو هێرشانە، کە ئەوە کاریگەری لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئەو کەمپ و زیندانانە هەبوو کە چەکدارانی داعش و کەسوکاریان تێیدا دەمێننەوە