سووریا
ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەراوژێری لەسەر پاشماوەی بینایەکی وێرانبوو لە سووریا کێشراوە، وێنە: Anas Alkharboutli/picture alliance
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات نزیکەی چوار ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی مرۆیی سووریا تەرخان بکرێت و هۆشداریش دەدات لەوەی ئەو پارەیەی لە بەردەستیانە، خەریکە تەواو دەبێت.
ئادەم عەبدولمەولا، رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە سووریا لە دیمەشقەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەشداریی لە کۆنگریەکی رۆژنامەڤانی لە جنێڤ کرد و گوتی "قەیرانی سووریا تائێستاش یەکێکە لە کوشندەترین قەیرانەکان بۆ خەڵکی سڤیل لە جیهاندا. دوژمنکارییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی سووریا بەردەوامن و لەم دواییانەدا بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە باکوور."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2023 تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ، 454 هاووڵاتیی سڤیل لەنێویاندا، 88 ژن و 115 منداڵ، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کوژراون. شەڕی سووریا 13 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد.
ئێستا 16.7 ملیۆن کەس لە نێو سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، واتە ئەمساڵ ژمارەیان زیادبووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023، 15.3 ملیۆن و لە ساڵی 2022 ژمارەیان 14.6 ملیۆن کەس بوو.
زیاتر لە 7 ملیۆن کەس لەنێو سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئاوارەن و نزیکەی 7 ملیۆنی دیکەش پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دیکە. لانیکەم 12.9 ملیۆن کەس لە سەرانسەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئاساییشی خۆراکیان تێکچووە، واتە خواردنی پێویستی هەرزان و کوالێتی باشیان دەستناکەوێت، ژەمی رۆژانەیان کەمکردووەتەوە، خواردنی خراپ دەخۆن یان نازانن و نیگەرانن کە ژەمی داهاتوویان لە کوێ دێنن.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، تەنیا 0.02٪ـی پلانی مرۆیی ساڵی 2024ـی سووریا پارەی بۆ تەرخرانکراوە.
بەهۆی ململانێکانەوە، سووریا لەبەردەم کارەساتە سرووشتییەکان و کێشە ژینگەییەکاندا لاوازتربووە، لەوانەش کەمئاوی و بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی شوباتی ساڵی رابردوو کە دۆخێکی کارەساتباری لەدوای خۆی جێهشتووە. بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی شەش هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 12 هەزار و 800ـی دیکە لە سووریا و و رۆژئاوای کوردستان، جگە لەوەی کە بارگرانیێکی گەورەی لەسەر خزمەتگوازرییەکان زیادکرد. جگە لەوەش، گرژییە بەردەوامەکانی غەززە، کەرتی رۆژئاوا، ئیسرائیل و باشووری لوبنان کاریگەرییان لەسەر سووریا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ