رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی 2023، ئەو گرووپە چەکدارە سوورییانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوام بوون لە پێشێلکاری دژی دانیشتووانی کورد.
وەزارەتەکە راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی رەوشی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان بڵاوکردەوە. لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو پێشێلکاریانەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەنجامیان داون، سەرنجیان لەسەر دانیشتووانی کورد و ئێزدی و خەڵکی سڤیلی دیکە بووە."
"کوشتن، رفاندن، شوێنبزرکردنی خەڵکی سڤیل، ئەشکەنجەی جەستەیی، تووندوتیژیی سێکسی، کردنەدەرەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان، تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی سامان، گواستنەوەی خەڵکی سڤیلی دەستگیرکراو بۆ ئەو دیوی سنوور بۆ تورکیا، بەکارهێنانی منداڵان وەک سەرباز و تاڵانکردن و بێڕێزیکردن بە شوێنە ئایینییەکان،" بەشێکن لەو تاوانانەی کە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی ژێر جڵەوی تورکیا لە بەرامبەر کورد کردوویانن.
راپۆرتەکە لە 113 لاپەڕەدا وردەکاریی رووداوەکانی پار لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەخاتەڕوو، باس لەوە دەکات کە لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی سووریا، "گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەندامانی سوپای نیشتمانیی سووریا بەردەوامبوون لە دزی و تاڵانی کە دەکرێت بە تاوانی جەنگ دابنرێت. رێکخراوە ناحکومییەکان هێشتا پێیانوایە کە ئەمانە و پێشێلکارییەکانی دیکەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات بەشێکن لە هەوڵێکی سیستماتیک بۆ گۆڕینی دیمگورافیا لە دژی کورد."
راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی لیژنەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆری ئەو قوربانییانەی لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریاوە دەستگیر کراون، کوردن و بە تۆمەتی ئەوە دەستگیر کراون کە پەیوەندییان بە یەکینەکانی پارستنی گەل (یەپەگە) یان هەسەدەوە هەیە."
بەندکراوانی کورد لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا "بەردەوام بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی" بەو هێزە کوردییانەوە، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە. هەروەها "لێدان و ئەشکەنجەندان" لە دژیان بەکارهێندراوە بۆئەوەی بە زۆر دانپێدانانیان لێ وەربگرن.
لە کاتی ئەشکەنجەداندا ئەو چەکدارانە، "لە ناوەندە کاتییەکانی دەستبەسەرکردندا" کارەبایان لە جەستەی بەندکراوان داوە، لەنێویاندا لە شوێنە هەستیارەکانی کۆئەندامی زاوزێ، هەروەها "چەند جۆرێکی دیکەی تووندوتیژیی سێکسی"یان لە بەرامبەردا بەکارهێندراوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، بەندکراوانی کورد "لەبارەی ئایین و نەتەوەیانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە و ئاو و خۆراکیان لێ قەدەخە کراوە."
لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە، بەرپرسانی تورکیا چەندین جار چوونەتە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ژێر کۆنترۆڵی سوپای نیشتمانیی سووریا، لە نێویاندا لە کاتی لێکۆڵینەوە کە ئەشکەنجە تێیدا بەکارهێندراوە.
مانگی تەممووز، وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی ئەشکەنجەدانی بەندکراوێکی کورد لە زیندانی هاوار کلیس لە ئەعزاز کە لە لایەن گرووپی سوڵتان مورادەوە بەڕێوەدەبردرێت، بەرپرسێکی تورکیا یارمەتیدەربووە لە هەڵواسینی بەندکراوە بە پەلەکانییەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە رێگەی وەرگێڕێکەوە، بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندیی بە یەپەگەوە هەبووە، لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە و هەڕەشەی لێکراوە دەستدرێژی سێکسیی بکەنە سەری."
بێبەشکردنی کورد لە وڵاتینامە و رێگریکردن لە زمان
بەگوێرەی راپۆرتەکە، حکومەتی سووریا کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەو وڵاتە سەرکردایەتیی دەکات، خەڵکی لە ناسنامە بێبەش کردووە، لە نێویاندا "بێبەشکردنی هەڕەمەکی و ستەمکارانە، جیاکاریکردن لەسەر بنەمای نەتەوەیی و جیاکاریکردن لە دژی ژنان لە یاسا نیشتمانییەکاندا."
راپۆرتەکە روونی دەکاتەوە، هێشتا 40 هەزار کوردی بێ وڵاتینامە بە "بیانی" و نزیکەی 160 هەزار کوردی دیکەی بێ وڵاتینامە بە "تۆمارنەکراو" هەژمار کراون و ناتوانن ناسنامە بەدەستبهێننەوە، کە لە دوای سەرژمێرییەکەی ساڵی 1962ەوە لێی بێبەش کراون.
لەدوای ئەو سەرژمێرییە، حکومەتی سووریا وڵاتینامەی لە نزیکەی 300 هەزار کورد وەرگرتەوە بە تۆمەتی ئەوەی خەڵکی باکووری کوردستانن. دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا، دیمەشق هەنگاوی نا بۆئەوەی وڵاتینامە بە هەندێک لەوانە بداتەوە.
راپۆرتەکە دەشڵێت، "ئەو کوردانەی کە وڵاتینامەیان نییە، خۆیان و نەوەکانیان ناسنامەیان نییە و ناتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت ببینن، لە نێویاندا تەندروستی و پەروەردە. هەروەها رووبەڕووی جیاکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە. کوردە بێ وڵاتینامەکان مافی ئەوەیان نییە سامان بە میرات وەربگرنەوە یان بدەنەوە، هەروەها نەبوونی بەڵگەنامەی وڵاتینامە یان ناسنامە کۆتوبەندی بۆ گەشتکردنیان بۆ نێو و دەرەوەی وڵاتەکە دروستکردووە."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی سووریا لەدایکبوونی منداڵی کوردە بێ وڵاتینامەکانی تۆمارنەکردووە، واتە بڕوانامەی لەدایکبوونی پێ نەداون.
بە گوتەی راپۆرتەکە، حکومەتی سووریا "بەردەوام بوو لە سنووردارکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی، سنووردارکردنی چاپکردنی پەرتووکی کوردی و بڵاوکراوەکانی دیکە و دەربڕین لە کولتووری کوردی."
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "دانیشتووانی کورد لەسەر ئاستی فەرمی و کۆمەڵایەتی، رووبەڕووی جیکاری و چەوساندنەوە و ئەو توندووتیژییەش بوونەتەوە کە رژێم پشتیوانی دەکات. رژێم و هێزەکانی لایەنگری رژێم، هەروەها داعش و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وەک سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پشتوانیی لێ دەکات، وەک راگەیێندراوە، چەندین چالاکڤان و کەسی کوردیان دەستبەسەرکردووە، بەندکردووە، ئەشکەنجداوە، کوشتووە یان بە شێوازی دیکە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کردووە.
راپۆرتی رێکخراوە ناحکومییەکان پێشانی دەدات کە ئەندامانی سوپای نیشتمانیی سووریا بەردەوامبوون لە بەندکردن، لێدان و رفاندنی ژنانی کورد لە عەفرین و رەئسولعەین [سەرێ کانیێ]. ئەمە بە دیاریکراوی ژنە چالاکڤانە کوردەکانی گرتووەتەوە بە جۆرێک کە بەشێکیان هەموو چالاکیێکی ئاشکرایان وەستاندووە لەبەر ئەوەی دەترسن لە لایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە دەستگیربکرێن."
راپۆرتەکە هەسەدەش تۆمەتبار دەکات بەوەی کە "بە شێوەیەکی ناڕەوا بەردەوامیی بە دەستبەسەرکردنیی ئەو کەسانە داوە کە سەر بەو پارتە سیاسیانەن کە بەرهەڵستی پەیەدە یان بەڕێوەبەرایتیی خۆسەر دەکەن، یان گومان دەکرێت سەر بەو پارتانە بن."
راپۆرتەکە بە گەڕانەوە بۆ زانیاریەکانی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی هەسەدە دەستگیری کردوون، "ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن، چالاکڤانانی کۆمەڵگەی سڤیل و میدیاکارن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ