رووداو دیجیتاڵ
میدیای سووریا رایگەیاند، لە دەریای ناوەڕاست و بەرزاییەکانی جۆلانەوە چەند مووشەکێک ئاراستەی هەردوو فڕۆکەخانەی حەلەب و دیمەشق کران، بەو هۆیەوە کارمەندێکی سڤیل کوژراوە و یەکێکی دیکەشیان بریندار بووە و هەردوو فڕۆکەخانەکەش لەکارکەوتوون.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023 ئاژانسی هەواڵی سووریا رایگەیاند، "بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازیمان، ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 05:00ـی بەیانی، سوپای ئیسرائیلی دوژمن، لە دەریای ناوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقیە و لە ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و حەلەب کرد."
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەدا لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، کرێکارێک شەهید بوو و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، هەروەها زیانی ماددی بە رێڕەوی فڕینی هەردوو فڕۆکەخانەکە کەوت و وایکرد لەکاربکەون."
وەزارەتی گواستنەوەی سووریاش دەڵێت، "گەشتەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکە، گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لازقیە."
لەوکاتەی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، چەند جارێکە فڕۆکەخانەکە دەکرێتە ئامانج، رۆژی 12-10-2023 هەردوو فڕۆکەخانەی حەلەب و دیمەشق هێرشیان کرایەسەر. لە 14ـی ئۆکتۆبەریش فڕۆکەخانەی حەلەب دووبارە بووە ئامانجی چەند مووشەکێک.
لەدوای شەڕی ناوخۆی سووریاوە. ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانانە بەبیانووی گەیاندنی هاوکارییەکانی ئێران بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ