دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد 100 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

20-12-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
پەنابەرانی سووریایی دوای چەندین ساڵ، دەگەڕێنەوە نێو وڵاتێکی وێران
پەنابەرانی سووریایی دوای چەندین ساڵ، دەگەڕێنەوە نێو وڵاتێکی وێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، دەیان پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، سەرەڕای دڵخۆشییان بە گەڕانەوە، بەڵام لە دۆخی سووریا نیگەرانن. 
 
ئەحمەد قاسم، پەنابەرە سووریاییەکە لە دەروازەی سنووری سەلامەوە گەڕاوەتەوە و دەڵێت، "من و براکەم 13 ساڵە لە تورکیاین ئێستا دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ وڵاتەکەمان، هیوادارین دۆخی وڵات باشتر بووبێت بەراورد بەو کاتەی بەجێمانهێشت." 
 
ئەحمەد قاسم، لەبارەی دۆخی سووریا بەراورد بە تورکیا ئاماژە بەوە دەدات، "کاتێک منداڵەکانم گەڕانەوە و دۆخەکەیان بینی، تووشی شۆک بوون. ئەوان لە تورکیا راهاتبوون، کارەبا، ئاو و ئینتەرنێتیان هەبوو، بەڵام چەند رۆژە لێرەن هیچ ئاو نییە و نازانین بۆ کوێ بڕۆین." 
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە دوای رووخانی دەسەڵات بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم، لانیکەم 100 هەزار سووریایی لە وڵاتانی دراوسێی سووریاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. لەو ژمارەیەش 85 هەزاریان لە لوبنان و حەوت هەزار و 500ـی دیکەش لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە. 
 
ریما ئیمسس، بەڕێوەبەری ئاژانسی پەنابەران لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئەفریقیا لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەرەکانەوە بۆ سووریا باس لەوە دەکات، "زۆر گرنگە ئەو خەڵکەی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان ئەو راستییە لەبیر نەکەن کە ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتێک، بەهۆی 13 ساڵ جەنگی نێوخۆوە، وێران بووە."
 
سەرەڕای گەڕانەوەی پەنابەران، بەڵام ئاوارەبوون لەنێوخۆی وڵاتەکە بەردەوامە. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای ئۆپەراسیۆنی دەستەی تەحریری شام، نزیکەی یەک ملیۆن سووریایی ئاوارە بوونە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە