رووداو دیجیتاڵ
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سنووری کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆ لە دێرەزووری سووریا، شەش درۆنی خستە خوارەوە.
بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمنی، کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کردووە، ئامانجی درۆنەکان بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان بووە لەنێو کێڵگەکە.
جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا سیستمی بەرگریی زیاتر رەوانەی بنکەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکات، دوای ئەوەی کە شەش شەڕڤانی هەسەدە لە هێرشێکی درۆنیی بۆمبڕێژکراودا کوژران.
لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، واتە لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیادکردووە. بە گوتەی پێنتاگۆن، لەو کاتەوە، زیاتر لە 170 هێرش کراونەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.
هێرشێکی دیکەی درۆنی، کە ئەمریکا دەیخاتە پاڵ ئەو گرووپە چەکدارانە، لە 28ی مانگی رابردوودا بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 41ی دیکە لە بنکەیەکی سەر سنووری ئوردن.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بنکەی تەنف لە سووریا هەیە. هێزی چەند وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشیش لەوێ هەن.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ئەیلوولی 2014ەوە دەستی بە یارمەتیدانی شەڕڤانان لە شەڕی دژی داعش کرد و تاوەکو ئێستاش ئەو هاوبەشییە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ