رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان 24 کەس "شەهید و بریندار بوون."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین- سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەهۆی بۆردوومانی ئاسمانیی سوپای تورکیا بۆ سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین و کاروانێکی هاووڵاتییانی سڤیل؛ 24 هاووڵاتیی شەهید و برینداربوون."
بەگوێرەی رێکخراوەکە، بەهۆی بۆردوومانێکی دیکەی سوپای تورکیا کە لە رێگەی درۆنەوە کرایە سەر کۆگەیەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی سەرین لە کۆبانێ؛ کرێکارێکی نێو کۆگاکە شەهید بوو و 5 کرێکاری دیکەش برینداربوون.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین ئاماژەی بەوەشداوە، درۆنێکی دیکەی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی مەدەنی لە نزیک بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج.
رێکخراوەکە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان 5 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ