رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، بەشێکی سزاکانی سەر سووریا بەتایبەت بۆ مەبەستی ئاسانکاری بنیاتنانەوەی وڵاتەکە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاووڵاتییان، هەڵدەگرن.
رۆژی چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ژمارەیەک سزا هەن بەسەر رژێمی ئەسەد و جەلادەکانی رژێمەکەدا سەپێندراون. هیچ نیازێک بۆ لابردنی ئەو سزایانە نییە."
گرژییەکانی سووریا لە ساڵی 2011ـوە دەستیان پێکرد و دواتر بوونە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوخۆ.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی پار حکومەتی سووریا لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بەسەرۆکایەتیی دەستەی تەحریر شام رووخێندرا. بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا ژمارەیەک سزایان بەسەر بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە و بەرپرسانی پێشوودا سەپاند.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی "ژمارەیەک سزاش هەن کە گەیاندنی هاوکاری مرۆییان بە سووریا قورس کردووە و رێگریش لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە دەکەن، ئەم سزایانە دەکرێت خێرا لاببرێن." ئەمە بەبێ ئاماژەکردن بە شێواز و کاتەکەی.
رۆژی 6ـی ئەم مانگەش بۆ هەمان مەبەست، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک سزای لەسەر سووریا هەڵگرت.
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، 7.2 ملیۆن کەس لە سووریا ئاوارە بوون. هەروەها نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە 23 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی 15 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکاری پزیشکییە. ئەمە زۆرترینە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011ـەوە شەڕی نێوخۆ لەو وڵاتە دەستیپێکرد. جگە لەوەی 56 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەکان بۆ ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ