مەزڵووم عەبدی: هەر دابەشکارییەک رەتدەکەینەوە کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی سووریا بکات

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات لە لێدوانێک دا دەڵێت، ئەوان لەگەڵ یەکگرتوویی خاکی سووریان و دژی هەڕەشەن بۆ سەر سووریا.
 
رۆژی چوارشەممە (08-01-2025) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکدا کە بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی داوە رایگەیاند، "ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی لەگەڵ یەکگرتوویی و سەروەریی خاکی سووریاین."
 
عەبدی هەروەها رایگەیاندووە "هەموو دابەشکارییەک رەتدەکەینەوە، کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی سووریا بکات."
 
مانگێک بەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا تێپەڕی، کە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام توانییان لە چەند رۆژێکدا بگەنە دڵی دیمەشق و دەسەڵاتەکەی لەنێوببەن. 
 
لەوکاتەوە، پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بابەتی گەرمی دانوستاندن و کۆبوونەوەکانە.
 
رۆژی 03-01-2025 وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پێش ئەوەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بچێتە دیمەشق، رۆژی 02-01-2025 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کردووە.
 
مەزڵووم عەبدی و بارۆ لە پەیوەندییەکەیاندا باسیان "لە قۆناخی بەردەوامیی گواستنەوەی" دەسەڵات لە سووریا کردووە. 
 
رۆژی هەینی، وەک یەکەمین شاندی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی رۆژئاوا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ ئەنالینا بێربۆکی هاوتا ئەڵمانییەکەی، بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کۆبوونەوە. 
 
هەردوو وەزیر داوایان لە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی دیمەشق کرد، لەگەڵ کورد رێکبکەون و کۆتایی بە شەڕ بێنن. 
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی هەردوو وڵاتە ئەورووپییەکەدا هاتووە، وەزیرەکانیان لە کاتی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، "دووپاتیان کردەوە کە پێویستە شەڕ لە باکووری سووریا کۆتایی بێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هەموو لایەک بپارێزێت، بەتایبەتی ئەوانەی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە شانبەشانیان لە دژی داعش دەجەنگین."
 
پێش ئەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کوردی رۆژئاوای کوردستانی بە "هاوپەیمان"ـی پاریس ناوبرد و گوتی: "پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات (سووریا) بێدەنگ بن."

 

 

  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە