رووداو دیجیتاڵ
دوای وەستانی بۆ ماوەی مانگێک، ئەمڕۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق دەستپێدەکەنەوە و دوو گەشت بەرەو ئیمارات دەکرێت.
سامیر رازی، بەرپرسی چاککردنەوەی هێڵی ئاسمانیی سووریا لە نوورۆژ رایگەیاند، لەوانەیە هەفتەی داهاتوو دەست بە گەشتەکان بۆ هەولێر بکرێنەوە.
سامیر رازی روونیکردەوە، کە 12 فڕۆکەیان هەیە کە هەشت دانەیان لە جۆری ئێرباس 320ن و دەتوانن گەشتی دوور بکەن، هەروەها دوو فڕۆکەی لە جۆرەکانی دیکەی ئێرباس340 هەیە، لەگەڵ ژمارەیەک هێلیکۆپتەر لە جۆری ATR.
ئەو بەرپرسەی هێڵی ئاسمانیی سووریا لەم هەڤپەیڤینەدا دەڵێت: "هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر و تورکیا یارمەتییەکی زۆریان بۆ چاککردنەوەی فڕۆکەکان و دابینکردنی پارچەی پێویست و بەرنامەکانی گەشت پێشکەش کرد."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سامیر رازی
رووداو: یەکەم گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی کاژێر چەند و بۆ کام وڵاتە؟
سامیر رازی: یەکەم گەشتی ئاسمانی ئەمڕۆ کاژێر 10:00ی بەیانی بە کاتی دیمەشق بۆ وڵاتی ئیمارات دەکرێت.
رووداو: ئەمڕۆ چەند گەشتی ئاسمانی هەیە؟
سامیر رازی: ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانی سووریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە دەستپێدەکات، کە کاژێر 10:00ی بەیانییە و بۆ وڵاتی ئیمارات، شاری شارقەیە. هەروەها کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ گەشتێکی دیکە هەیە لەلایەن کۆمپانیای ئەجنیحەت ئەلشام، کە ئەویش بەرەو شارقەیە و هێڵی ئاسمانی قەتەر یەکەم گەشتی خۆی دەکات و کاژێر 13:00فڕۆکەیەکی قەتەر لە دەوحەوە دەگاتە شام.
رووداو: بە گشتی رۆژانە چەند گەشتی ئاسمانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبن؟
سامیر رازی: ئەمڕۆ وەک دەستپێک دوو گەشت هەیە لە دیمەشقەوە بەرەو ئیمارات. سبەی زیاتر دەبێت. دەزانن دوای راوەستانی بۆ ماوەی مانگێک کە لە 7-12-2024 وەستێنرابوو، پێویستی بە گۆڕانکاری هەبوو. بۆ مانگێک وەستێنرابوو و بێگومان پێویستی بە رێکخستنی خشتەکان دەبێت. من ناتوانم ژمارەیەکی دیاریکراو پێتان بڵێم لەبەر ئەوەی زۆر گەشت لەسەر یەک کۆبوونەتەوە و بەشی بازرگانی لەلای ئێمە کار لەسەر رێکخستنی گەشتەکان دەکات.
رووداو: بەپێی پلانی ئێوە گەشت بۆ چەند وڵات دەکرێت، تەنیا وڵاتانی کەنداوە؟
سامیر رازی: نەخێر، ئەو وڵاتانەی کە پێشتر گەشتمان لەگەڵیان هەبوو. زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە، ئیمارات، قەتەر، سعودیە، کوێت، میسر. هەمان ئەو وڵاتانەن کە گەشتیان بۆ دەکرا و هەمان گەشت بەگوێرەی هەمان خشتە بەردەوام دەبن، بەڵام بە ئیزنی خودا دوای ئەوەی فڕۆکەی نوێ دەکڕین و فڕۆکەکانی خۆمان چاک دەکەینەوە، گەشتەکانمان زیاتر دەکەین.
رووداو: یەکەم گەشتی نێوان هەولێر و دیمەشق کەی دەبێت؟
سامیر رازی: گەشتەکان بۆ هەولێر لە رێگەی کۆمپانیای ئەجنیحەت شام دەکرا، لەوانەیە لە هەفتەی داهاتوو دەست بە گەشتەکانیان بکەن. پێشتر رۆژانە گەشت لە نێوان دیمەشق-هەولێر و دیمەشق-بەغدا هەبوو.
رووداو: چەند فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی سووریا هەن؟
سامیر رازی: 12 فڕۆکەمان هەیە کە 8 دانەیان لە جۆری ئێرباس 320ن و دەتوانن گەشتی دوور بکەن، هەروەها دوو فڕۆکەمان لە جۆرەکانی دیکەی ئێرباس 340 هەیە و ژمارەیەک هێلیکۆپتەر لە جۆری ATR، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو سزایانەی لەسەر سووریا هەن، ئابووری و فڕۆکەوانی رێگە بە پارچەکانی فڕۆکە نادرێت بگەنە ئێمە. ئێستا دوو فڕۆکەی ئێرباس 320 بەکاردەهێنین، کە هەر فڕۆکەیەک دەتوانێت 162 سەرنشین هەڵبگرێت.
رووداو: چەند فڕۆکەی کۆمپانیای ئەجنیحەت شام هەیە؟
سامیر رازی: پێنج فڕۆکەی خۆیان هەیە، بەڵام ئێستا کار بە دوو فڕۆکە دەکەن.
رووداو: فڕۆکەخانەی شام پێویستی بە چەند فڕۆکەی دیکە هەیە؟
سامیر رازی: پێویستیمان بە پێشخستنی کۆمەڵە فڕۆکەکانی خۆمان هەیە. پێویستمان بە فڕۆکە هەیە. هەرچەند ژمارەی فڕۆکەکان زیاتر بێت، نەخشەی گەشتەکانمان زیاتر دەبێت. نەک تەنها هێڵی ئێمە، بەڵکو ئەجنیحەت شام و هەندێک کۆمپانیای دیکەش کە دەبێت مۆڵەت وەربگرن. بە راستی ئێستا سووریا بەرەو کرانەوە دەچێت و لەوانەیە گەشت بەرەو ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکاش بگرێتەوە.
رووداو: وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەڵێت کە ژمارەیەک گەمارۆ لەسەر سووریا هەڵدەگرێت، ئایا ئەمە کەرتی فڕۆکەوانی دەگرێتەوە؟
سامیر رازی: تاوەکو ئێستا دیار نییە. هەندێک کرانەوە سەبارەت بە گەمارۆکان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی و ئابووری نەبووە.
رووداو: هیچ وڵاتێک هەیە لە ناوچەکە و جیهان ئامادەیی خۆی نیشان دابێت بۆ چاککردنەوەی فڕۆکەکان؟
سامیر رازی: تورکیا، قەتەر و سعودیە پێشنیازیان کرد کە یارمەتیمان بدەن و هەندێک بەرنامەشیان پێشکەش کردووە. هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر و تورکیا یارمەتییەکی زۆریان پێشکەش کرد دەربارەی چاککردنەوەی فڕۆکەکان و پێشکەشکردنی پارچەی پێویست، هەروەها بەرنامەکانی گەشت. تەنها پێویستیمان بە فڕۆکە نییە، بەڵکو پێویستیمان بە بەرنامەی رێکخستنی گەشتەکان هەیە کە چۆنیەتی کارپێکردنی فڕۆکەکان و دانانی فڕۆکەوانەکان. لە هەموو بەشەکان پێویستیمان بە یارمەتی هەیە. بەهۆی گەمارۆکانەوە هەر یارمەتییەک لەسەر ئێمە بڕدرابوو و لە ئەمڕۆ بەدواوە دۆخەکە باشتر دەبێت و پارچە پێویستەکان دەگەنە ئێمە.
رووداو: لە رووی هێزی مرۆیی و کارمەندانەوە، ژمارەی پێویست هەیە؟
سامیر رازی: بەڵێ هەیە، ستافێکی باشمان هەیە، کەسانی پسپۆڕ لە بواری فڕۆکەوانی هەن کە بڕوانامەکانیان لە سووریا وەرگرتووە، هەروەها بڕوانامە نێودەوڵەتییەکانیشیان هەیە.
رووداو: گەشتە ناوخۆییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق بۆ هەموو پارێزگاکان هەیە؟
سامیر رازی: ئێستا دیمەشق-حەلەب هەیە. کار لەسەر دووبارە کارپێکردنی فڕۆکەخانەکانی لازقیە و قامیشلۆ دەکەین. ئێستا فڕۆکەخانەی حەلەب ئامادەیە و لە 18 مانگی رابردوودا گەشتەکان بۆ حەلەب دەستیان پێکردووە.
رووداو: کەی گەشتەکانی نێوان دیمەشق-قامیشلۆ دەست پێدەکات؟
سامیر رازی: هەندێک کات پێویستە، نەک تەنها پێویستە فڕۆکەخانەکە ئامادە بکرێت، بەڵکو پێویستە ناوچەی دەوروبەری کە فڕۆکە لێی دادەبەزێت دەبێت ئارام بێت. کات پێویستە بەڵام زۆر ناخایەنێت.
رووداو: چی دەبێتە رێگر لە پێش دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دیمەشق-قامشلۆ؟
سامیر رازی: وەک گوتم، سەرەتا دەبێت فڕۆکەخانەکە ئامادە بکرێت لەبەر ئەوەی کەموکوڕی لەوێ زۆرە. وڵاتان یارمەتی دەدەن و بە ئیزنی خودا دووبارە دەست بە گەشتەکان دەکەینەوە لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ.
رووداو: تیمی ئێوە لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ هەیە؟
سامیر رازی: بەڵێ بێگومان هەیە. لە هەموو فڕۆکەخانەکان هەیە بەڵام ژمارەیان کەمە بە بەراورد لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی دیکە. تیممان لە فڕۆکەخانەکانی قامشلۆ، لازقیە و حەلەب هەیە. پێویستیان بە دووبارە رێکخستنەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ