رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا دەڵێت، چەکدارانی داعش رووبەرێکی فراوانیان لە پارێزگاکانی دێرەزوور و حمس داگیرکردووە.
هەسەدە دەشڵێت، داعش دەیەوێت ناوچەی زیاتر کۆنترۆڵ بکات، بەڵام هێزەکانیان بە هەموو توانایانەوە رێگرییان لێدەکەن و "ناهێڵین سیناریۆی 2014 دووبارە ببێتەوە".
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا، ئەمشەوی پێنجشەممە رایگەیاند، "رێکخراوی تیرۆیستیی داعش کۆنترۆڵکردنی بەشێکی فراوان لە حمس و دێرەزوور، چەندین شار و پێگەی ستراتیجی راگەیاند کە لە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بەجێماون".
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە.
ئەو بارودۆخەی لە سووریا دروستبووە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعشی زیادکردووە، بەتایبەت لە پارێزگای دێرەزوور.
هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت، "لەکاتێکدا داعش هەوڵدەدات ئەو ناوچانە کۆنترڵ بکات کە ناپارێزرێن [لە لایەن هیچ هێزێکی رێکخراوەوە]، هێزەکانمان رێکاری تووندیان لە دژی ئەم هەڕەشانە گرتووەتە بەر و رێگە نادەین بگەنە ناوچەکانمان و سیناریۆی 2014 دووبارە بکەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ