رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ، ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک خاڵی سوپای سووریا لە پارێزگای گوندەواری دیمەشق، کە بە گوتەی خۆی، تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاریی بدات.
میدیاکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاند: "دەوروبەری کاژێر 4:35ی بەیانیی ئەمڕۆ ئیسرائیلی دوژمن لە ئاراستەی جۆلانی سووریی داگیرکراوەوە هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ژمارەیەک خاڵ لە گوندەواری دیمەشق، کە تەنیا زیانی مادی لێکەوتەوە."
بەم دواییانە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە سووریا زیادکردووە، بە جۆرێک بووەتە شتێکی رۆژانە و لە سێ رۆژی رابردووشدا، زنجیرەیەک لەو هێرشانە بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک چەکدار.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە دوای ئەو هێرشانە، گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە گۆڕینی شێوازی کار و دابەشبوونیان کردووە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رۆژی دووشەممە، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەستیانکردووە بە گۆڕینی دابەشبوونی هێزەکانیان لە شوێنەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، هەروەها لەو ناوچانە ئامادەیی و هۆشداریی ئەمنی بۆ ئاستی هەرە باڵا بەرزکراوەتەوە.
چالاکڤانانی مرۆیی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی ئەلبوکەمال لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزۆر پێنج کەس و لە ناوچەی فڕۆکەخانەی نەیرەبی سەربازیش دوو کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکردووە.
ئەوەش دوای کوژرانی چوار ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران هات لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ