رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا فەرمانی دامەزراندنی 726 دەرچووی بەشە تەندروستی و پزیشکییەکانی پەیمانگە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد.
دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆی گشتیی دەرچووەکان 1634 کەسن و دەرچووی بەشە پزیشکی و تەندروسییەکانن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی خوێندنی (2022-2023 ).
ئەو دەرچووانە خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن و کوردن، رەزامەندیی دامەزراندنیان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە بۆ هاتووەتەوە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، لەو ژمارەیە 726 یان خەڵکی سنووری پارێزگای نەینەوان وەک شنگال، مەخموور و باشیك و دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگاکەن، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن تەندروستیی نەینەواوە بە دوو لیست فەرمانی کارگێڕیی دامەزراندنیان بۆ دەرچووە.
لیستی یەکەمیان 347 دەرچووی پەیمانگە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان (پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ئیدارەی تەندروستی و پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی دەرمانسازیی) بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023. لیستەکە بە ناوی ئیبتیسام قاسم مەتۆ یوسف دەستپێدەکات و بە ئەڤین رەفعەت عەزیز زێڕۆ کۆتایی دێت.
لیستی دووەمیان، 379 کەسن، بە ناوی ئیبراهیم عەبدوڵڵا حەجی مستەفا دەستپێدەکات و بە ئەڤین همیت مامل کۆتایی دێت.
دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی گوتی، ئەو کەسانەی ناویان گەڕاوەتەوە دەتوانن لە نزیکترین کاتدا پەیوەندی بە شوێنەکانیانەوە بکەن و دەستبەکاربن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ