لەبارەی سەرژمێری رێککەوتنێک لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی هەولێر کرا

31-10-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیران و شاندێکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لەبارەی سەرژمێرییە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق کۆبوونەوە. بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێ "سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هەولێر رێککەوتووە."
 
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیرانی دەرەوە، پلاندانان، داد و ژینگە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان و نوێنەری تورکمانەکان لە کۆشکی بەغدا بەڕێوەچوو.
 
دوای کۆبوونەوەکە، هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کە لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە لەبارەی ئامادەکارییەکان بوو بۆ سەرژمێری، سەرۆککۆمار باسی گرنگی سەرژمێریی کرد کە چەند گرنگە زانیاریی راست و دروست بۆ کارەکانی دەوڵەت هەبن."
 
هەفتەی رابردوو شاندێکی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆککۆماری عێراقیان کرد و چەند سەرنج و تێبینییەکیان لەبارەی سەرژمێرییەوە پێدا.
 
هاوڕێ تۆفیق گوتی "هەرێمی کوردستان دەڵێ: دەبێ لە سەرژمێرییەکەدا خێزانەکان لەسەر شوێنی سەرەکی و زێدی خۆیان تۆماربکرێن، نەک ئەو شوێنەی ئێستا تێیدا نیشتەجێن، ئەمە بۆ رێگرتنە لە گۆڕانکاریی دیموگرافی، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سنووری مادەی 140، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی سەرەکیی داخڵکردنی داتاکان لە بەغدا نوێنەری هەبێت."
 
بە گوتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، رێککەوتن لەسەر تێبینییەکان کراوە و، "حکومەتی هەرێم داوای دواخستنی سەرژمێریی نەکردووە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆکوەزیران زۆر بە باشی گوێی لە را و سەرنجی هەموو لایەک و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و رێککەوتن کرا. سەرۆکوەزیران رایگەیاند، تێبینییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی داهاتوودا دەکرێتە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران."
 
هاوکات ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمانەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: کۆبوونەوەکە بە گشتیی لەبارەی سەرژمێریی دانیشتووان بوو، بەڵام ئێمە بۆچوونی جیاوازمان لەسەری هەیە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئێمەش وەکو نوێنەری پێکهاتەکان لە ناوچە تێکەڵاو و کێشە لەسەرەکان دیدگەیەکی جیاوازمان هەیە."
 
ئەرشەد ساڵحی گوتی "ئێمە جەختمان لەوە کردەوە سەرژمێری بەو شێوە خێرایە، پێویستیی هاووڵاتییە عێراقییەکان دابین ناکات، چۆن دەتوانرێت پشت بەو سەرژمێرییە ببەسترێت، دوای ئەوەی ئاوارەبوون و هاتن لەو ناوچە تێکەڵاوانە هەبووە، بەتایبەتی شاری کەرکووک."
 
بە گوتەی ئەرشەد ساڵحی، دەکرێت لەماوەی 6 مانگی داهاتوودا کارتی نیشتمانیی هەموو دانیشتووان تەواوبکرێت، تاوەکو کە کارمەندی سەرژمێری دەچێتە ماڵێکەوە، تەماشای کارتە نیشتمانییەکەی بکات و بەراییەکانی خەڵکەکەی دەستبکەوێت، "بەڵام وادیارە نییەتێک لەلایەن حکومەتەوە نییە بۆ ئەو کارە و مکوڕن لەسەر بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە کاتی خۆیدا و نایانەوێت تیشک بخەنەسەر ئەو را جیاییەش کە لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمدا هەیە."
 
ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە وەکو نوێنەری پێکهاتەی تورکمان بۆچوونی خۆمان خستەڕوو، کە نابێت ئەم سەرژمێرییە بکرێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ داهاتووی ئیداری و سیاسی شاری کەرکووک، یاخود بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 لە داهاتوودا."
 
کارەکانی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستپێکردووە و بڕیارە تاوەکو یەکی تشرینی دووەم بەردەوام بێت، لە هەرێمی کوردستانیش لە 1-10-2024 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاسپۆرتی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پاسپۆرتى عێراق دوو بڕیارى نوێى دەرکرد

وەزارەتى ناوخۆ دوو بڕیار لەبارەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەردەکات. لەمەودوا هاووڵاتیان لە هەر پارێزگایەک بیانەوێت دەتوانن مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت بکەن بەبێ ئەوەى پەیوەست بکرێت بە شوێنى نیشتەجێبوونیانەوە.