رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەڵاوسان بۆ کەمترین رێژە دابەزیوە و گەیشتووەتە 3.1٪.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 31-10-2024، عەبدولزەهر هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە عێراق لە مانگی ئەیلوولی 2024دا گەیشتووەتە 3.1٪". هەروەها راشیگەیاند: "رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی کەرتی خۆراک-یش گەیشتووەتە 4.4٪".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو رێژەیە لە دوای ساڵی 2021ـەوە کەمترین رێژەی تۆمارکراوە.
هەر لەوبارەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی سێشەممە (29-10-2024)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەبۆنەی دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کاری حکومەتەکەی قسەی کرد و گوتی: "بەهۆی رێکارەکانی حکومەتەوە هەژاری بۆ 17.6% دابەزیوە، لەکاتێکدا پێشتر 23% بوو؛ بێکاری 16.5% بۆ 14.4% دابەزیوە. ساڵی 2022 هەڵاوسان 6% بوو، لە 2024دا بۆ 3% دابەزیوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە چاودێریی کۆمەڵایەتی سوومەندن و هاوکارییش دەدرێتە قوتابیان. لە دوو ساڵی تەمەنی حکومەتدا 130 ملیۆن سەبەتەی خۆراکیان دابەشکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ