وەزیری کارەبای عێراق: سزاکانی ئەمریکا رێگرن لە دانەوەی شایستەکانی ئێران

11-07-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کارەبا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کارەبای عێراق، هۆکاری کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا بۆ ئێران دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، بەمنزیکانە لەگەڵ ئێران گفتوگۆی چڕ دەکەن لەبارەی پێدانی گاز. دەشڵێت سزاکانی ئەمریکا، رێگرن لەوەی بانکی بازرگانیی عێراق شایستەکان بداتەوە ئێران.
 
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق، رۆژی دووشەممە (10-07-2023) بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند "وەزارەتی کارەبا بەرهەمهێنانی کارەبای گەیاندووەتەوە بەرزترین ئاست کە 26 هەزار مێگاواتە، بەڵام بەهۆی بڕینی زیاتر لە نیوەی گازی ئێرانی لە وێستگەکانی کارەبا، 5 هەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی دانەوەی شایستەکانی ئێران دەگەڕێتەوە".
 
وەزیری کارەبای عێراق دەڵێت، "ئێستا نزیکەی 20 هەزار و 600 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنین، تەنیا بە گەڕانەوەی گاز لە ئێرانەوە، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا وەک پێشوویان لێ دێتەوە". 
 
زیاد عەلی فازڵ جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆ چڕ دەکەن و دەڵێت "هیوادارین لە دۆخی عێراق تێبگەن، کە سیستەمی کارەبا چۆنە و پلەی گەرما بەرزبووەتەوە و، جارێکی دیکە گاز هەناردە بکەنەوە". 
 
وەزیری کارەبا دڵنیایی دا، دۆخەکە وەک خۆی لێ دێتەوە، چونکە وەزارەتی کارەبا تەواوی قەرزەکانی ئێرانی داوەتەوە، بەڵام بابەتەکە پەیوەستە بە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)، کە سزاکانی ئەمریکا رێگرن و ناتوانێت پارەکە بداتەوە ئێران، ئەمەش کێشەیەکە، کە وەزارەتی کارەبا و هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن".
 
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی سێشەممە، 04-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێدانی گازی بە ناوچەی باشوور بە تەواوەتی بڕیوە؛ هەروەها گازی بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و بەغدا لە 45 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمکردووەتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکەی بکات، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە و لە دوو رۆژی رابردوودا پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەم بوونەتەوە".
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایەکی دیکەی هەیە و دەڵێت "ئەو دۆسیەیە لەرووی سیاسییەوە بەکارنەهێندرێت، چونکە نەرێنییانە زیان بە هاووڵاتی عێراق دەگەیەنێت".
 
عێراق پێویستی بە نزیکەی 34-35 هەزار مێگاوات کارەبایە و پێش ئەم هەنگاوەی ئێران، نزیکەی 25 هەزاری هەبوو.
 
لە بەغدا، هەشت کاژێر بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و کورتهێنانەکە لە رێگەی 13 هەزار موەلیدەوە پڕدەکرێتەوە کە دوو جۆرن؛ یەکێکیان 24 کاژێرییە و هەندێکجار نرخی ئەمپێرێکی دەگاتە 25 دینار و ئەوەی دیکەیان تاوەکو 12:00ـی شەو کاردەکات و نرخی ئەمپێرێکی دەگاتە 10 دینار. 
  
رۆژی دووشەممە، 3ـی تەممووزی 2023 یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران – عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ عێراق 10 ملیار دۆلار پارەی گاز و کارەبا و بەنزینی ئێران قەرزدارە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق نەیتوانیوە راستەوخۆ ئەو پارەیەمان رادەست بکاتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 9-7-2023، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کرد. لە داواکارییەکەدا هاتووە "بەهۆی کەمیی دابینکردنی کاژێرەکانی کارەبا لەبەر دۆخی ئێستا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وڵات بە قەیرانێکدا تێدەپەڕێت کە ئەرکی هاووڵاتیی عێراقی قورس کردووە".
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و ئاگاداربوون لە هۆکارەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکییەوە بکات و ئەوە بخرێتە ئەستۆی کە دەستبەجێ شایستە داراییەکانی هاوردەکردنی گازی ئێران بەبێ دواکەوتن و کەمتەرخەمی بدرێنەوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی فیدراڵیی عێراق. وێنە: زیاد ئیسماعیل - رووداو

سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەتى هەرێمى کوردستان دواخرا

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێکردنى دوو سکاڵا دوا دەخات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتى شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروبارى ئایینى پێشکێشى کرابوون. بەرپرسێکى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت: "دواخستنەکە لەسەر داواى ئێمە بووە."