رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی چەند خولەکیی موقتەدا سەدر کە تێیدا داوای لە لایەنگرانی کرد لە ماوەی 60 خولەکدا لە خۆپێشاندان و مانگرتن بکشێنەوە، ئاوی بەو ئاگرەدا کرد کە دوو رۆژ بوو لە ناوچەی سەوزی بەغدا و چەند شوێنێکی دیکە هەڵگیرسابوو.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، "لە ماوەی 60 خولەکدا، تەنانەت ئەگەر لە مانگرتنی بەردەم پەرلەمانیش نەکێشنەوە، ئەوا لە رەوتی سەدریش خۆم بێبەری دەکەم."
پەیامەکەی پێشوازی بەشی زۆری سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی بەدوادا هات، بەڵام دۆخی چەند مانگی رابردوو ئەوەشی دەرخست کە خەڵکێکی ناڕازییە.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە دۆخی ئێستا و بەردەوامبوونی جێگەی قبووڵکردن نییە. بۆیە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بە گوێرەی لێکتێگەیشتنێکی نیشتمانی، دەرچەیەک بۆ قەیرانی خنکێنەری ئێستا لەبری مشتومڕی سیاسی و پێکدادان دەکاتەوە. بنەما پێویستییەکانی ئێستا، دووپاتکردنەوەیە لە دیالۆگی نیشتمانی؛ دیالۆگێکی راشکاوانە و بەپێی بەرنامەیەکی کاری روون و دیار؛ دەبێت دڵنیایی بدرێتە هاووڵاتییان و نەخشە رێگەیەک بۆ قۆناخی ئاییندە دابنرێت."
پێچەوانەی سەدرییەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هەنگاوێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستە لەڕێگەی پەرلەمانەوە بێت؛ سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و سەرۆکوەزیران رابسپێردرێت و حکومەت پێکبهێندرێت، دواتر رێکاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بگیرێنەبەر.
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى لیژنەى جێبەجێکردنى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 180 واژۆی پەرلەمانتاران ئامادەیە بۆئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکاتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بەبێ رەزامەندیی سەدر هیچ ناکرێت.
پێنجشەممەی رابردوو بڕیاربوو گەڕی دووەمی گفتوگۆی نیشتمانیی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر داواکاریی مستەفا کازمی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی سەدرییەکان، کۆبوونەوە نەکرا. ئێستاش لایەنەکان چاویان لە کاتێکی دیکە و دەستپێشخەرییەکی دیکەیە بۆئەوەی تاوتوێی دۆخەکە بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکە بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ