خاوەن نووسینگەکانی دراو لە بەغدا بە نهێنی و لەڕێگەی تەلەفۆنەوە دۆلار ئاڵوگۆڕ دەکەن

01-02-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
بازاڕەکانی دراو لە عێراق بەهۆی ناجێگیریی بەهای دینارەوە شڵەژاون
بازاڕەکانی دراو لە عێراق بەهۆی ناجێگیریی بەهای دینارەوە شڵەژاون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەغدا، پێچەوانەی دۆخی سیاسی و ئاساییشەکەی، پایتەختی یەکێک لە ئارامترین بازاڕەکانی دراو بوو لە ناوچەکە، ئەوەی کێشەی نەبوو بازاڕی دراو و دۆلارەکەی بوو، بەڵام ئێستا بە جۆرێک هاوسەنگیی لەدەستداوە، وەک بڵێی رۆژێک لە رۆژان ئارام نەبووە؛ نە دۆلار وەک جاران زۆرە و نە بەهای دینار وەک پێشووە.
 
عێراق، بە دۆلار نەوتەکەی دەفرۆشێت و دۆلارەکەی لە ئەمریکاوە بۆ دەهاتەوە. دەستاودەستکردنی دۆلار لە عێراق بەم جۆرەیە: وەزارەتی دارایی دۆلار بە نرخی 145 هەزار دینار دەداتە بانکی ناوەندی، ئەویش بە نرخی 146 هەزار دینار بە بانک و کۆمپانیاکانی دەفرۆشێت، ئەوانیش بە نرخی 147 هەزار دینار بە بازرگانەکانی دەفرۆشن، بەڵام ئێستا چەند دەستێکی دیکەش لەنێوان بانکەکان و بازاڕ زیادبوون، بۆیە دۆلارەکە چەند دەستێک دەکات.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە رووداوی گوت، "کێشەی گەورە لە بازاڕدایە و دوو ھۆکاری ھەن: یەکەم کەمبوونەوەی حەواڵەیە کە کاریگەریێکی زۆری کردووە، چونکە 80٪ـی پارەی مەزادی دراو بە حەواڵەبووە، ئێستاش لە 200 ملیۆنەوە تەنیا 16 ملیۆن دەدرێتە حەواڵە ئەمە ھۆکاری سەرەکییە، ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە ئەو دۆلارەی بەکاش دەچێتە بازاڕەوە، لەناو وڵاتدا نامێنێتەوە بەڵکو بە قاچاخ رەوانەی وڵاتانی دراوسێ دەکرێت."
 
کەمیی دۆلاری حەواڵە، کاری کردووەتە سەر دۆلارە کاشەکەیش، چونکە بازرگانان بۆ دابینکردنی دۆلار دەچنەوە بازاڕ و بە نرخێکی گران دۆلار دەکڕن، ئەوەش خواستی لەسەر کاش زیاد کردووە.
 
رۆژ لە دوای رۆژ دینار بەھاکەی لەدەست دەدات و بازاڕەکەی ناجێگیرە، بۆیە زۆربەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بۆڕسەی کیفاح، کە گەورەترین بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوە لە بەغدا دایانخستووە، خاوەن نووسینگەکان دەڵێن "حکومەت ناچاری کردووین دۆلار بە 147 ھەزار دینار بفرۆشین، لەکاتێکدا دۆلارمان دەستناکەوێت". بۆیە زۆربەی خاوەن نووسینگەکانی دراو لە بەغدا، ئێستا تەنیا لەڕێگەی تەلەفۆن و بەنهێنی، ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن.
 
سەید ئەبو بەها، 40 ساڵە لە بازاڕی کیفاح نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی هەیە، بەڵام بەهۆی دەستنەکەوتنی دۆلار، ناچار بووە نووسینگەکەی دابخات.
 
سەید ئەبو بەھای دۆلارفرۆش، گلەیی لەو رەوشە هەیە، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، "ئەم بازاڕە ماوەی 20 ساڵ دۆلاری بە 120 ھەزار دینار دەفرۆشت و زیادی نەکرد، ئەوکاتە بانک دەیفرۆشت و ھەموو شتێک باشبوو ھیچ کێشەیەک نەبوو، دواتر دەوڵەت بەھاکەی کردە 145 ھەزار دینار. ئێستا بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دۆلاری لەسەر عێراق قەدەخەکردووە، ئەمە ئەمریکا قەدەخەی کردووە و کێشەیەکی نێودەوڵەتییە لەگەڵ بانکی فدراڵی."
 
کازم فەیلی، دۆلارفرۆشێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات "ئێمە، ئێستا 40 ملیۆن ھاووڵاتین. هاووڵاتیی ئاسایی رۆژانە پێنج دۆلار خەرج دەکات، پێنج جارانی 40 ملیۆن بکەی، دەکاتە 200 ملیۆن دۆلار، واتا رۆژانە پێویستمان بە ئەوەندەیە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵمەتی چاندنی درەخت لە مووسڵ.

لە مووسڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەرما و بەبیابانبوون 50 هەزار دار چێندران

هەڵمەتێکی چاندنی نەمام لە شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوو. بە گوێرەی پلانێکی حکومەت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بە بیابانبوون یەک ملیۆن دار لەو پارێزگایەدا دەچێندرێت.