شیعە دەیەوێت لەگەڵ ترەمپ هەڵبکات و سوننەش دەیەوێت رێگربێت لە هەژموونى ئێران

11-11-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکەوتنى دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکادا دوو پێکهاتەی سەرەکیی عێراق بە دوو ئاراستەى جیاواز لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەى نوێى واشنتن دەبات. شیعەکان دەیانەوێت لەگەڵى هەڵبکەن و سوننە چاوى لەوەیە "ماڵى پەرتەوازەیان" یەک بخات.
 
پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن شەڕى ئیسرائیل لەگەڵ دوژمن و نەیارەکانى کاریگەریى لەسەر مامەڵەى ترەمپ هەبێت لەگەڵ ئەو عێراقەى ئەمریکا ساڵانە 10 ملیار دۆلار مامەڵەى بازرگانیى لەگەڵی هەیە.
 
ئەنجامى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى ئەمریکا لە 5ى تشرینى دووەم، بۆ دووەم جار دۆناڵد ترەمپى بەربژێرى کۆمارییەکانى بردەوە سەر کورسیى باڵاترین دەسەڵاتى وڵاتەکە، دواى ئەوەى لە 2017-2021 سەرۆک بوو.
 
هەمان رۆژى هەڵبژاردنی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد؛ سێ رۆژ دواتریش پەیوەندیى تەلەفۆنییان ئەنجامدا. بەگوێرەى نووسینگەکەى، سوودانى پێى گوتووە، چاودێریى قسە و بەڵێنەکانى ترەمپى کردووە لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردن کە پابەند بووە بە کۆتاییهاتنى جەنگ لە ناوچەکە.
 
دۆخى ناوچەکە بەشێکە لەو ترسەى شیعەکانى عێراق لە مامەڵەى ئیدارەى نوێى ئەمریکا هەیانە، بەتایبەت ئەگەر هێرشەکانى ئیسرائیل پەلى کێشا بۆ وەشاندنى گورز لەو گرووپە چەکدارە عێراقییانەى نزیکن لە ئێران. ئەو  پێشهاتە ئەوەیە کە بەغدا نایەوێت رووبدات.
 
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) لە رادیۆی رووداو گوتى، "سیاسەتى کۆشکى سپى ناگۆڕدرێت، ئەگەر دۆخێکى گۆڕان نەبێت. دۆخەکە بڕیار لەسەر پەیوەندییەکان دەدات."
 
پارتەکەى عەبوودى یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە کە زۆرینەى حکومەتیان بەدەستەوەیە و دەڵێت، "چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەیەوێت بەردەوامى بە سەقامگیرى سیاسی بدات و ئاشتى بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، کە ئەمریکاش پێویستى پێیەتى و بۆ ئەوە پشت بە عێراق دەبەستێت کە پەیوەندیى باشی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران هەیە. پێچەوانەى پێشبینییەکان، پەیوەندییەکان باش دەبن و چوارچێوەى هاوئاهەنگییش دەیەوێت ئەو پەیوەندییانە باش بن."
 
ترسەکەى عێراق لە ئەمریکاى ترەمپ، تەنیا دۆخى ناوچەکە نییە؛ پەیوەندیى ئابووى و دارایی نێوانیان وا دەکات سڵ لە گوشارەکانى بکاتەوە.
 
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانی ساڵانەى نێوان عێراق و ئەمریکا زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە. ساڵى 2023 هەناردەى ئەمریکا بۆ عێراق بایی 2.25 ملیار دۆلار بووە؛ لە 12 ساڵى پێش خۆیدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. 
 
هەناردەى ئەمریکا بۆ عێراق ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و کەرەستەى یەدەگیان، ئامێرى میکانیکى، دانەوێڵە و گۆشت زۆرترینى پێکدەهێنێت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە هەمان ساڵ هەناردەى عێراق بۆ ئەمریکا کەمی کردووە و 8.5 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا ساڵى 2022 بڕەکەى 10 ملیار دۆلار بووە. دابەزینى نرخى نەوت و کەمکردنەوەى بڕى هەناردەکەى بۆ ئەمریکا هۆکارى سەرەکیى ئەو کەمبوونەوەیە بووە.
 
مامەڵەى دارایی نێوان واشنتن و بەغدا بە هێندەى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانییەکەیانە.
 
ساڵانە بانکى فیدراڵیى ئەمریکا زیاتر لە 10 ملیار دۆلارى کاش لە پارەى نەوتى عێراق بۆ بانکە ناوەندییەکەى دەنێرێت. ناردنەکە و شێوازى فرۆشتنەوەى بە نرخى فەرمى بە گوێرەى رێوشوێنێکە کە واشنتن دیاری دەکات.
 
دۆخەکە بۆ سوننەکان لە عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەى ترەمپ جیاوازە لە شیعەکان و پێشبینی دەکەن ئەو هاوکێشەیەیان بۆ هاوسەنگ بکاتەوە لەگەڵ شیعە کە پێیان وایە ناهاوسەنگە.
 
عەزام حەمدانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم کە یەکێکە لە هێزە سوننەکانى عێراق، لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) گوتى، "بڕیارى عەرەبی سوننە لە ناوچەکە نزیکە لە کۆمارییەکانەوە، بەوپێیەى سوننەکان لە عێراق و ناوچەکە ترسیان لە ئێران هەیە. بۆیە بەو شێوەیە بیردەکەنەوە کە هاتنى ترەمپ کار لەسەر پاراستنیان لە تەشەنەسەندنى هەژموونى ئێران لە عێراق و ناوچەکە دەکات."
 
ئەو گۆڕانکارییە لە ئیدارەى ئەمریکا بۆ چوار ساڵى داهاتوو لە کاتێکدایە، سوننەکان لە عێراق پەرتەوازەن. گەورەترین فراکسیۆنى کۆکەرەوەى ئەو پێکهاتەیە لە پەرلەمانى عێراق کە "سەروەرى" بوو، دواى دوو ساڵ بووەتە دوو بەرەى نیمچە نەیارى یەکدى.
 
عەزام حەمدانى دەڵێت، "ئەگەر هەیە ئەمریکا دەست وەربدات بۆ یەکخستنەوەى نێو ماڵى سوننە لە پێناو رووبەڕووبوونەوەى لایەنەکانى شیعە و کورد لە بواری سیاسەتدا بەوپێیەى ئەمریکا و وڵاتانى کەنداویش نایانەوێت ماڵێکى سوننەى بەزیو هەبێت و دەیانەوێت هاوسەنگى هێز هەبێت."
 
قورسترین ئەزموونى شیعە لەگەڵ ترەمپ، بەرەبەیانى 3ى کانوونى یەکەمى 2020 بوو کە بە بۆردوومانێک لە شەقامێکى سەرەکى بەغدا قاسم سلێمانى، فەرماندەى ئەو کاتی فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران و ئەبومەهدى موهەندیس، جێگرى ئەو کاتى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی کوشت. گرێی ئەو رووداوە هێشتا لە دەروونى ئەو هێزە شیعانە ماوە کە نزیکن لە ئێران.
 
7/1/2021 لەسەر سکاڵاى کەسوکارى ئەبومەهدى موهەندیس، دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافە لە بەغدا فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دۆناڵد ترەمپ دەکرد، کە ئەو کاتە لە دەسەڵات نەمابوو، بڕیارى دەستگیرکردنەکە بە گوێرەى مادەى 406 ى یاساى سزادان بوو کە تایبەتە بە 14 جۆرى تاوانى کوشتن و سزاکەى دەگاتە لەسێدارەدان.
 
"پێموایە ئەوە کارتێکى گوشار بوو لە کاتى خۆیدا  بۆ ئەم قۆناخە گرنگ نابێت. گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانیت ئەمریکا بکەیت بە دۆست، نەوەک بە دوژمن،" رەحیم عەبوودى واى گوت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی

سوودانی داوای بەدواداچوون بۆ داننان بە زانکۆیەکی کوردستان دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە نووسینگەکەی دەکات بە دواداچوون بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات.