رووداو دیجیتاڵ
کاروانێکی دیکەی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە بەمەبەستی چارەسەرکردن، رەوانەی دەرەوەی عێراق کران، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی نەینەواش گوتی "ژمارەیان هەشت بریندارە و رەوانەی تورکیا کران."
دکتۆر مەنسوور مەعرووف، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستى نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەشت برینداری دیکەی رووداوەکەی حەمدانیە رەوانەی تورکیا کران.' سەبارەت بەو تەرمانەی تائێستا نەناسراونەتەوە، دکتۆر مەنسوور گوتی "42 تەرم لە دادپزیشکین و تائێستا نەناسراونەتەوە. نموونەی خوێن لە کەسوکارى بریندارانى رووداوەکە وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی تەرمەکان.'
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەمشەو (شەممە، 30-9-2023) بڵاوی کردووەتەوە، بە فەرمانی سوودانی و بە یاوەریی تیمێکی پزیشکی، کاروانی دووەمی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات، ئەو بریندارانە ئەوانەن کە لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و نەینەوان و هاوەڵی نەخۆشەکانیش لەگەڵیاندا دەنێردرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ دوای رووداوەکەی قەزای حەمدانیە، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاشکرای کرد، "لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی چوار لە بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەکەی قەزای حەمدانیە رەوانەی تورکیا کران بۆ وەرگرتنی چارەسەر."
شەوی سێشەممە 26ـی ئەیلوولی2023، ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی قەزای حەمدانیە کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ