یەکێک لە رفێندراوە عێراقییەکان لە ئێران: رفێندراوێکیان کوشت و لەسەر شاخ هەڵیاندایە خوارەوە

30-08-2023
موشتاق رەمەزان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
موسا کازم بەتاتی تەمەن 30 ساڵ، نەیدەزانى گەشتەکەی بۆ ئێران بە رفاندن کۆتاییدێت، کاتێک ویستویەتى لەو وڵاتەوە خۆى بگەیێنێتە تورکیا. 
 
موسا لەگەڵ هاووڵاتییەکى دیکەى عێراقى لە ئێران رفێندران و دیمەنى بە بارمتەگرتنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دەست و قاچ بەستراوى بڵاوکرایەوە، لە دواى 16 رۆژ ئازاد کران. 
 
موسا کازم بەتات، دانیشتووی شاری بەسرەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوى رایگەیاند، 12ى ئاب لە دەروازەى سنوورى شەلامچە لە بەسرەوە چووەتە شارى شیرازى ئێران و لەوێوە خۆى گەیاندووەتە تاران. لەوێش پەیوەندیی لەگەڵ قاچاخچییەک بەناوی (هاروون) دروستکردووە، بۆ ئەوەی بەگوتەی خۆی بیگەیێنێتە تورکیا. 
 
ئەو هاووڵاتییە، کە خاوەنى منداڵێکى پێنج ساڵانە، گوتى: "قاچاخچییەکە لە تاران ئۆتۆمبێلى نارد بەشوێنمدا بۆ ئەوەى بمباتە شارى تەورێز. کاژێر 02:00ـى شەو بە ئۆتۆمبێل بەڕێکەوتین و لە ناوچەى چاڵدێران ئۆتۆمبێلێکى دیکە کە چەند چەکدارێکى تێدابوو رفاندیانم، کە دیاربوو شۆفێرى ئۆتۆمبێلەکەى خۆشمان هاوکاریان بووە."
 
کازم موسا بەتات لە ناوچەى خەمسە میلی بەسرە دەژى، وەک خۆى دەڵێت، بەرامبەر بە بڕێک پارە، رفێنەرانى ئازادیان کردووە.
 
کازم ئەو ساتانە دەگێڕێتەوە، کە رفاندوویانە و دەڵێت: "یەکێک لە رفێنەرەکان لێیدام و دەست و قاچى بە زنجیر بەستمەوە، بۆ ماوەى 40 خولەک بەپێ بردیانین بۆ ناوچەیەکى شاخاوى و بردیانینە ئەشکەوتێکەوە و ئەشکەنجەیان داین، لەوێ چەند هاووڵاتییەکى ئەفغانى و هاووڵاتییەکى دیکەى عێراقیم بینى کە ئەوانیش رفێندرابوون."
 
25ى ئابى 2023، عەلى عابدی، کۆنسوڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە بەسرە رایگەیاند، رفێنەرانى ئەو دوو هاووڵاتییە عێراقییەیان دەستگیرکردووە و رفێنراوەکانیان ئازاد کردووە. 
 
کازم موسا بەتات گوتى: "رفێنەرەکان یەکێک لە رفێندراوەکانیان کوشت، دواتر لەسەر شاخەوە هەڵیان دایە خوارەوە."
 
ماوەى 10 رۆژ ئەو دوو هاووڵاتییە عێراقییە لەلاى رفێنەران بوون، کە بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە برایەکى موساوە کردووە و دواى ئەوەى حەوت هەزار دۆلارى پێداون، براکەیان ئازاد کردووە."
 
موسا کازم بەتات دەڵێت: "لەدواى ئەوەى پارەکە گەیشت بە هەمان ئۆتۆمبێل کە پێى رفێندراین، براینە شوێنێک کە ژمارەیەک جووتیارى لێبوو، ئەوان خواردنیان پێداین و پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کرد. پۆلیس لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کردین و وەسفى رفێنەرانمان بۆ کردن کە رووخساریان چۆنە، بۆ رۆژى دواتر پێیانگوتین کە پۆلیس و رفێنەران رووبەڕووى یەک بوونەتەوە و پێنجیان دەستگیرکراون، یەکێکیانم ناسییەوە و بە پێڵاوەکانم لێمدا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە