قاسم ئەعرەجی: درۆن و بۆمبەکانی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی دروستکراوی ناوخۆن

29-11-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی
کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی
نیشانەکردن هێرشکردنە سەر ماڵی کازمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشە درۆنییەکەی 7ی ئەم مانگەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راپۆرتی یەکەمی خۆی خستەڕوو و تێیدا رایگەیاند، "هێرشەکە لە رێگەی دوو درۆن و سێ بۆمبەوە بووە کە هەموویان دروستکراوی ناوخۆن و پێکهاتەی تەقەمەنی بۆمبەکانیش ماددەی سی فۆرن".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 29-11-2021 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سەرەداوی زۆرمان لەلایە"، زیندانیکردنی دوو تیمی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تێدایە، ئاشکراکرد.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە راپۆرتی سەرەتایی و راپۆرتی دیکەشی دەبێت، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامێتیی وەزیری دەرەوە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران وەک ئەندامی میوان، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی، بریکاری دەزگای هەواڵگری و بریکاری هەواڵگریی ناوخۆ و سەرۆکی دژە تیرۆر و هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری و ئاسایش و هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی پێکهاتبوو.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەدا، لیژنەکە میوانداریی چەندین کەسایەتی گرنگی کردووە لەوانەی تایبەتمەندن، لیژنەکە رۆژی دوای ئەو تەقینەوەی لەناوچەی سەوز روویدا کە شوێنی مانەوە و ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردە ئامانج، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد.
 
ئەعرەجی باسی چونیەتی هێرشەکەی کرد و  گوتی: "لەلای لیژنەکە سەلمێنرا، کە هێرشەکە بە دوو درۆنەوە بووە، دوو بۆمبی خستووەتە خوارەوە، یەکێکیان لە سەربانی خانووەکە و ئەوی دیکە لە حەوشەی خانووەکە کەوتووەتە خوارەوە، یەکێکیان تەقیوەتەوە، ئەوی دیکە نەتەقیوەتەوە، هەروەها لیژنەکە شوێنی دەستپێکی فڕینی ئەو دوو فڕۆکەیەی دیاریکردووە".
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە قسەکانیدا لیوا سەباح شبلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنییەکانی لە وەزارەتی ناوخۆ بە "کەمتەرخەم" لە بەجێگەیاندنی کارەکانی تۆمەتبارکرد و گوتی، "دوو تیمی لێکۆڵینەوە لە رووداوە دەستگیرکراون و رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراون بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، بەداخێکی زۆرەوە تیمی هەڵگرتنەوە تەقەمەنییەکان ئەرکی خۆیان بەشێوەیەکی راست جێبەجێ نەکرد، لیژنەکە میوانداریی لیوا سەباح شبلی کرد و لەلایەن لیژنەکە و من خۆشم ئەو پرسیارەمان ئاڕاستەکرد، کە ئایا پەنجەمۆرتان لە بۆمبەکە هەڵگرتووەتەوە؟ گوتی 'بەڵێ'، بۆ رۆژی دواتر لیوا سەباح شبلی و عەمید ئەکرەم لە بەڵگەی تاوان هاتنە لیژنەکە بە لیژنەکەی راگەیاند، بۆمبەکەی تەقاندەوە و پەنجەمۆری لێ هەڵنەگرتووەتەوە، دوای مشتومڕ، لیژنەی لێکۆڵینەوەی باڵا بڕیاری زیندانیکردنی هەردوو تیمەکەی دا و ناردنیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە".
 
قاسم ئەعرەجی هەر لەبارەی تیمی هەڵگرتنەوە و تەقاندنەوەی بۆمبەکە گوتی، "بۆ ئەوەی بزانن بۆچی ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکردووە. ئەوە شتێکی سرووشتییە لە تیمی بەڵگەی تاوان شوێنپەنجە هەڵبگرن لە هەر شوێنێک، شوێنی روودانی تاوان بۆ گەیشتن بە راستییەکان و ئاشکراکردنی راستییەکان. لێکۆڵینەوە بۆ ئەوە دەکرێت تاوەکو راستیەکان ئاشکرا بکرێن. بەڵام لایەنە تایبەتمەندەکان درۆنەکە لەنێو ببەن بەبێ هەڵگرتنی شوێنپەنجە، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ هەبوونی گرفتێک، ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک تۆمەتبار بکەین، بەڵام ئەمە بۆ لێکۆڵینەوەکان جێدەهێڵین بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکار چیبووە کە شوێنپەنجەکانیان هەڵنەگرتووە، بۆچی تەقاندوویانەتەوە لەجیاتی ئەوەی پوچەڵی بکەنەوە؟ هەروەها پارێزگاری لە بەشە گرنگەکانی بکەن".
 
قاسم ئەعرەجی زانیاریی لەبارەی درۆنەکان و تەقەمەنییەکان ئاشکرا کرد و گوتی، "درۆنەکان و هەروەها بۆمبەکان دروستکراوی ناوخۆن و بۆمبەکان لەو جۆرانەن کە کاتێک دەتەقنەوە شوێنەوار و زیانەکانیان بە لاکاندا دەبێت نەوەک ئاسمان، بۆمبەکەش بەرگەکەی پلاستیکییە، ماددەی تەقەمەنییەکەش لەپێکهاتەکەی سی فۆرە". 
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داوای لە هەموو عێراقییەکان کرد کە یارمەتیی پێشکەشی لیژنەکە بکەن لەپێناو گەیشتن بە راستییەکان و گوتی، "هەرکەسێک بەڵگەی هەیە با پێشکەشی بکات و لیژنەکە لە هەموو مشتومڕێکی سیاسییەوە دوورە. لیژنەی لێکۆڵینەوە کەس تۆمەتبار ناکات نە کەس و نە هیچ لایەنێک، دۆسیەکە پێویستی بەکاتی زیاتر هەیە و ئەم پرسە کاتی دەوێت".
 
سەبارەت بە یارمەتیی وڵاتانی دیکە لە لێکۆڵینەوەکەدا، قاسم ئەعرەجی، گوتی: "لیژنەکە پشتی بەهیچ لایەنێکی بیانی بۆ لێکۆڵێنەوە نەبەستووە، ئەگەر لەپێناو لێکۆڵینەوە پێویست بێت ئەوا وڵاتانی دۆست و دراوسێ سوودیان لێوەردەگرین و ئاساییە، بەڵام سەرەداوی زۆر و گرنگمان هەیە و نامانەوێت پێش کات بکەوین و وردی و ئارامگرتن لەم دۆسییە گرنگ و هەستیارانە گرنگە".
 
قاسم ئەعرەجی هەندێک وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکردەوە، بەڵام لە هێرشەکە تەنیا یەک درۆن دەردەکەوێت. ئەعرەجی گوتی: "بۆچی یەک درۆنە دوو نین، ئەمە کاری رادارەکانە و شوێنی ئەحداساتیان زۆر دڵنیا نین، زۆر قسەمان لەسەر ئەم پرسە هەیە و لە چاوپێکەوتن و کۆنگرەکانی دواتر روونی دەکەینەوە". 
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە گوتەی سەرۆکوەزیران وەرگیراوە، ماڵی سەرۆکوەزیران چوار دەرگەی هەیە و بۆ ئەو کەسانەی سەردانی دەکەن شوێنی دەرگەکان روون نییە، ئەویش هاوشێوەی زۆر لە بەرپرسانی وڵاتانی دیکەش بۆ دۆخی لەمجۆرە پلانی خۆیان هەیە، ئەویش پلانی ئەمنی هەبووە و دەرچووە و بۆ شوێنێکی ئارامتر گواستراوەتەوە.
 
جەختیشی لەوەکردەوە کە "راستییەکە ماڵەکە رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بووەتەوە و ئەو بۆمبەی لەسەر ماڵەکە نەتەقیوەتەوە بەپێی ئەو پسپۆرانەی لێکۆڵینەوەیان کردووە لەنێوان بۆمبی یەکەم و دووەم پێنج مەتر هەبووە کە یەکێکیان شوێنی هاتن و چوونی سەرۆکوەزیران لەنێو ماڵەکەی خۆیدا و ئەوی دیکەش شوێنی دانیشتنیەتی، ئێمە لە لیژنەکە داوای سەردانیکارانی 10 رۆژی ماڵی مستەفا کازمیمان کردووە". 
 
هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرتەی ڤیدیۆیی هەڵگرتنەوەی بۆمبێکی نەتەقیو لەسەربانی ماڵی مستەفا کازمی کرد کە بەبێ ترس لەلایەن ئەفسەرانەوە هەڵدەگرێتەوە و دواتر گومانیشی خستەوە سەر تەقاندنەوەی ئەو بۆمبە بۆ جارێکی دیکە، دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی نیشاندا، کە بۆمبەکە لەئاوی دیجلە دەتەقێنرێتەوە.
 
 بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 07-11-2021 بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوو لە فڕۆکەکان لە ئاسمان تەقێندرانەوە و یەکێکیشیان ئامانجەکەی پێکا.
 
ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییە دوای تویتێکی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری دێت کە تێیدا هەڕەشەی ئاشکراکردنی هێرشبەران و ئەنجامدەرانی سەر ماڵی مستەفا کازمی کردبوو. 
 
موقتەدا سەدر، رۆژی 25-11-2021، لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەوەی پێویستە پشتگوێنەخرێت شکۆی دەوڵەتە، ئەو دەستدرێژییەی کرایە سەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەستدرێژییەکی روونە بۆ سەر سەروەری و شکۆ، هەروەها وروژاندنی ئاشووب و تێکدانی تێکڕای ئاسایشی عێراقە".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە