شێروان دووبەردانی: بە دوو بەربژێر ناچینە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق

30-07-2022
سۆران حوسێن
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی، نایانەوێت سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارەبێتەوە و پارتی و یەکێتی بە دوو بەربژێری سەرۆککۆمار بچنە پەرلەمانی عێراق. 
 
رۆژی هەینی 29ـی تەممووز، لە بەرنامەی 'رووداوی ئەمڕۆ'ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێن، دەبێت بەهەر شێوەیەک بێت حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێندرێت، لەبەرامبەردا سەدرییەکان نایانەوێت هیچ حکومەتێک پێکبێت." 
 
شێروان دووبەردانی گوتیشی: "لایەنگرانی سەدر دەیانەوێت چادر لەبەردەم پەرلەمانی عێراقدا هەڵبدەن و نایانەوێت هیچ بەربژێرێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی حکومەت پێکبهێنێت." 
 
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتوویەتی، دەبێت پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون و ئەگەریش رێکنەکەوتن سیناریۆی 2018 دووبارە دەکەنەوە.
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی :"دوو بەربژێری سەرۆککۆمار لای پارتی رەتدەکرێتەوە و ئەوە بڕیاری سەرۆک بارزانییە کە نابێت سیناریۆی 2018 دووبارەببێتەوە. دەبێت بە یەک بەربژێر بچینە نێو پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. ئێمە بە دوو بەربژێر ناچینە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە" و ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ یەک بەربژێری لەگەڵ یەکێتی بەردەوامی بە گفتوگۆ دەدەن.
 
دوای نزیکەی 10 مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی نوێی عێراق پێکنەهێندراوە. بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کە بە پشکی کورد دادەنرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەربژێریکردنی رێبەر ئەحمەد و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە بەربژێرکردنەوەی د. بەرهەم ساڵح کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستەکە دەکەن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا دەستیپێکردەوە؛ مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپێشاندەرانەوە گوتی، خۆپیشاندەران داوا دەکەن محەممەد شیاع سوودانی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکشێندرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 27-07-2022، لە بەغدا خۆپێشاندان بەڕێوەچوو و خۆپێشاندەران چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای پەیامێکی موقتەدا سەدر خۆپێشاندەران کشانەوە و پەیامەکەشیان دژی بەربژێرکردنی محەممەد شیاع سوودانی بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە